Accessibility links

ئه‌مریکا بڕیاری قه‌ده‌غه‌کردنی فرۆشتنی چه‌ک به‌ ڤه‌نزوێڵا ده‌دات


سه‌رۆکی ڤه‌نزوێلا هیوگۆ چاڤێز بڕیاری قه‌ده‌غه‌کردنی فرۆشتنی چه‌ک به‌ ووڵاته‌که‌ی له لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ به‌ بێ بایه‌خ له‌ قه‌ڵه‌م ئه‌دات. ئه‌م بڕیاره‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ له‌ لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریکیه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌ندرا و گوتیان به‌هۆی پشتگیری نه‌کردنی ڤه‌نزوێلاوه‌یه‌ له‌ شه‌ڕی دژه‌ تیرۆردا.

سه‌رۆک چاڤێز له میانه‌ی سه‌ردانێکی ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا بۆ له‌نده‌ن گوتی ئه‌م بڕیاره‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک کاریگه‌ری له‌سه‌ر ووڵاته‌که‌ی نابێت. به‌ڵام ڕێبه‌ری ڤه‌نزوێلی گوتیشی له ئاکامی ئه‌م قه‌ده‌غه‌ کردنه‌، فرۆشتنی نه‌وت به‌ ئه‌مریکا ڕاناوه‌ستێنێت.

کاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ووڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاش ڕۆژی دووشه‌ممه‌ که‌راکاسی تاوانبار کرد به‌وه‌ی شکستی هێناوه‌ له‌ ڕێگه‌گرتن له‌وه‌ی چه‌کداره‌ چه‌پڕه‌وه‌کانی کۆڵۆمبیا له خاکی ڤه‌نزوێلاوه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی خۆیان به‌ڕێوه‌ به‌رن.

ووته‌بێژی وه‌زاره‌ته‌که‌، شان مه‌کۆرمه‌ک نیگه‌رانی خۆیشی نیشاندا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی ڤه‌نزوێلا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و ووڵاتانه‌دا ده‌به‌ستێت که‌ واشنتۆن به‌ پشتیوانیکه‌رانی تیرۆریزمیان داده‌نێت وه‌ک ئێران و کوبا.

جێی باسه‌، به‌ڕێز چاڤێز به‌ به‌رده‌وامی ڕه‌خنه‌ی له شه‌ڕی به‌ ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مریکا له عێراق گرتووه‌ و ڕه‌خنه‌ له واشنتۆنیش ده‌گرێت بۆ دانانی پلانی هێرشی سه‌ربازی له دژی ئێران.

هه‌ر له‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا، به‌ڕێز چاڤێز بانگه‌شه‌ی کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی و به تایبه‌تی ئه‌وروپای کرد که‌وا ڕێگه‌ له ئه‌نجامدانی کرداری له‌شکری له دژی ئێران به‌هۆی به‌رنامه‌ ناوه‌کیه‌که‌یه‌وه‌ بگرن.

XS
SM
MD
LG