Accessibility links

هێرشبه‌رێکی خۆکوژ 15 که‌س له عێراق ده‌کوژێت


هێرشبه‌رێکی خۆکوژ له عێراق به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه 15 که‌سی له‌ناوه‌ندی مه‌شق و ڕاهێنان پێکردنی پۆلیسی له فه‌للوجه‌ کوشتووه‌.

کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن هێرشبه‌ره‌که‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوه‌نده‌ قه‌ره‌باڵغه‌ خۆی ته‌قاندۆته‌وه و له ئاکامدا 20 که‌سیش به‌ سه‌ختی بریندار بوون.

له به‌غداش، کاربه‌ده‌ستان ته‌رمی 14 که‌سیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ که باوه‌ڕده‌کرێت گولله‌ باران کرابن، ئه‌مه‌ بێ له‌وه‌ی دره‌نگانێکی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ش ته‌رمی 20 که‌سی دیکه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه‌.

ئه‌م توندوتیژییانه‌ له کاتێکدا هاتن که ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی عێراقی له به‌غدا کۆبووبونه‌وه‌. به‌ڵام یاسادانه‌ران پێکهاتنی ئه‌و کۆمیته‌یه‌یان دواخست که بڕیاره‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ سه‌ر ئه‌و گۆڕانکارییانه‌دا بکات که‌ پێویسته‌ له ده‌ستوری ووڵاته‌که‌دا ئه‌نجام بدرێت. پێکهاتنی ئه‌م کۆمیته‌یه‌ش دواخراوه‌ هه‌تاوه‌کو ئه‌و کاته‌ی کابنه‌تی حکومه‌ت پێک دێت یاخود پاش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ کار ده‌بێت. سه‌رۆک وه‌زیری ده‌ست نیشانکراویش، نوری ئه‌لمالکی مۆڵه‌تی هه‌تاوه‌کو 21 ی ئه‌م مانگه‌ی پێدراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لیستی ناوه‌کانی کابنه‌تی حکومه‌تی پێشکه‌ش بکات.

سیاسه‌تمه‌دارانی سوننه‌کان داخوازی گۆڕانکاری له‌و به‌ندانه‌ی ده‌ستوردا ده‌که‌ن که ڕێگه‌ به‌ بوونی حکومه‌ته‌ هه‌رێمیه‌کان ده‌دات. کاربه‌ده‌ستانی سوننه‌ مه‌ترسیان له‌و به‌ندانه‌ هه‌یه‌ و پێیان وایه‌ ڕێگه‌ به‌ شیعه‌کان و کورده‌کان ده‌دات کۆنترۆڵی نه‌وتی عێراق بکه‌ن.

XS
SM
MD
LG