وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراقی ده‌ڵێت هێزه‌كانی ئێرانی تۆپبارانی بنكه‌كانی چه‌كدارانی په‌كه‌كه یان پارتی كرێكارانی كوردستانیان له باكوری عێراق كردووه.
سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌كه له به‌یاننامه‌یه‌كی دوێنێی وه‌زاره‌تی عێراقیدا هاتووه كه‌وا هێزه‌كانی عێراقی چه‌ند ناوچه‌یه‌كیان له پارێزگای سلێمانی كوردستانی عێراق بۆمباران كردووه كه چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستانی تیا نیشته‌جێن. باوه‌ڕده‌كرێت، گروپی ناوبراو په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی كوردی ئێران‌دا هه‌بێت. به‌یاننامه‌كه ده‌شڵێت تۆپبارانه‌كه ماوه‌ێ بیست و چوار سه‌عاتی خایاندووه.
ئاماده‌بوانی ڕووداوه‌كه به به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكایان ڕاگه‌یاند كه‌وا له به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا، تۆپبارانه‌كه زۆرتر بووه و به سه‌دان هاوڵاتی ناوچه‌كه‌یان له به‌ر مه‌ترسی به‌جێ هێشتووه. هاوكات لێپرسراوانی خۆجێی كوردیش گوتویانه تۆپه‌كانی ئێران له قوڵایی پێنج كم له ناو خاكی عێراقدا كه‌وتوونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها گوتیان له بیست و یه‌کی مانگی ڕابردووش‌دا تۆپبارانی هاوشێوه‌ی هه‌مان ناوچه له لایه‌ن هێزه‌كانی ئێرانیه‌وه ئه‌نجامدراوه.
جێی باسه، حكومه‌تی ئێرانی تاوه‌كو ئێستا هه‌واڵی تۆپبارانه‌كه‌ی پشت ڕاست نه‌كردۆته‌وه و نكۆڵیشی لێ نه‌كردووه.
هه‌فته‌ی ڕابردوش، به‌رپرسانی تورك نكۆڵیان كرد له‌و هه‌واڵانه‌ی كه ده‌ڵێن هێزه‌كانی توركیا به مه‌به‌ستی ڕاوه‌دونانی چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان هاتبونه ناو خاكی عێراقه‌وه.