Accessibility links

سه‌رۆكی چینی بۆ وتووێژكردن له‌سه‌ر بازرگانی نه‌وت سه‌ردانی سعودیه ده‌كات


سه‌رۆكی چینی هوو ژینتاو به‌ سه‌ردانێـكی سێ ڕۆژی ده‌گاته‌ سعودیه‌، پـێشـبینی ده‌كرێت ته‌وه‌ری وتووێژه‌كان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی ئابوری و وزه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا بێت.

ڕۆژی شه‌ممه‌ سه‌رۆك هوو ژینتاو پاش سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، گه‌یشته‌ سعودیه‌ وه‌ به‌ نیازه‌ وتووێژ له‌گه‌ڵ پاشاعه‌بدوڵڵا و وه‌لی عه‌هد میر سوڵتان بكات. هه‌روه‌ها به‌ڕێز هوو كۆده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ بازرگانه‌كانی سعودیه‌ پـێش ئه‌وه‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ به‌ره‌و ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته‌، كه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ نه‌وت، به‌ڕێ بكه‌وێت تا چاوی به‌ به‌ڕێوبه‌رانی ده‌زگا پـیشه‌سازیـیه‌كان بكه‌وێت.

گه‌شـته‌كه‌ی ڕێبه‌ری چینی بۆ سعودیه‌ دێت پاش سێ مانـگ له‌ سه‌ردانی پاشای سعودیه‌ بۆ پكین، له‌ میانه‌یدا هه‌ردوو وڵات ڕێـكه‌وتنـنامه‌كانی هاوكاری له‌ بواری سیاسه‌تی ئابوریـیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ و وزه‌ و ئابوریدا مۆركرد.

چین ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندیـیه‌كانی به‌هێز بكات له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كانی سه‌ره‌كی نه‌وت پاش ئه‌وه‌ی پـێویستـیه‌كانی بۆ نه‌وت به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر زیادی كردووه‌. چین له‌ سه‌دا 17 ی نه‌وتی له‌ سعودیه‌ ده‌كڕێت.

دوای كۆتایی هێنان به‌ سه‌ردانه‌ چوار ڕۆژیـیه‌كه‌ی بۆ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، ڕۆژی هه‌ینی سه‌رۆك هوو داكۆكی كرد له‌ سیاسه‌تی سیستمی وڵاته‌كه‌ی.

له‌ گوتارێـكیدا له‌ زانكۆی یه‌ڵ، گوتی چین چاو له‌ سیستمی وڵاتانی دیكه‌ ناكات به‌ڵام سوود له‌ ئه‌زمونه‌ باشه‌كانیان وه‌رده‌گرێت. هه‌روه‌ها داخوازی په‌یوه‌ندی باشتریشی له‌گه‌ڵ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا كرد.

XS
SM
MD
LG