Accessibility links

ئێران هۆشـداریـیه‌كه‌ی ئه‌مریكا به‌ بێ بایه‌خ داده‌نێت‌


سه‌رۆكی ئێرانی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد هۆشـداریـیه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكای بێ بایه‌خ كرد كه‌ گوتبوی له‌وانه‌یه‌ ئێران دووچاری كاردانه‌وه‌یه‌كی توندی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بـبێت.

له‌میانه‌ی قسه‌كانی له‌ كۆنـگره‌یه‌ك كه‌ له‌ تاران ده‌به‌سترێت بۆ پـشـتیوانی كردن له‌ فه‌له‌سـتیـنیـیه‌كان، سه‌رۆكی ئێرانی گوتی ڕایس ئازاده‌ له‌ قسه‌كردندا، به‌ڵام تێـبیـنی‌یه‌كانی گرنـگ نه‌بوون.

ڕۆژی پـێنجشه‌ممه‌ ڕایس گوتی له‌وانه‌یه‌ ئێران ڕووبه‌ڕوی سزای توندی نێوده‌وڵه‌تی بـبـێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر داواكانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بۆ ڕاگرتنی چـالاكیـیه‌‌ ناوه‌كیـیه‌كانی پـشـتـگوێ بخات. له‌ ناویشیاندا كاردانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ له‌وانه‌یه‌ ڕێـگه‌ بدات هێزی سه‌ربازی به‌كار بێت.

هه‌ر له‌ تێـبینی‌یه‌كانیدا ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد سه‌باره‌ت به‌ ئیسرائیلیش قسه‌ی كرد و گوتی ڕژێمی زایۆنی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، جارێـكی دیكه‌ش گومانی خۆی ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌ ڕاستی كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵی جوله‌كه‌كان له‌ كاتی جه‌نگی جیهانی دووهه‌مدا.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا شان مه‌كـكۆرمه‌ك ڕایگه‌یاند، ئه‌و قسانه‌ی به‌ڕێز ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد جێگای دڵنیگه‌رانی و مه‌ترسـیـیه‌ بۆ گشت كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕێبه‌ری گه‌وره‌ی ئێران، ئایه‌توڵـڵا عه‌لی خامه‌نه‌ئی، ئه‌ویش تێبینی هانده‌ری له‌ دژی ئیسرائیل دا له‌ میانه‌ی كۆنگره‌كه‌دا.

مانگی ڕابوردوو ئه‌نجومه‌نی ئاسایش 30 ڕۆژ مۆڵه‌تی به‌ ئێران دا تا پـیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت، به‌ڵام تاران داخوازیـیه‌كه‌ی پـێنجشه‌ممه‌ی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست ڕه‌تـكرده‌وه.

ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی پـێـشبـینی ده‌كات كه‌ 28 ی مانگی چوار بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش سه‌باره‌ت به‌ ئاستی پابه‌ند بوونی ئێران به‌ په‌یمانـنامه‌ی بڵاو نه‌كردنه‌وه‌ی چه‌كی ناوه‌كی.

وڵاته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئێران به‌وه‌ تاوانبار ده‌كات كه‌ ده‌یه‌وێت چه‌كی ناوه‌كی دروسـت بكات، هه‌رچی ئێرانیشه‌ نكۆڵی لێ ده‌كات.

XS
SM
MD
LG