Accessibility links

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوسترالیا نكۆڵی له ئاگاداربوونی له به‌رتیل خواردن له ناردنی گه‌نم بۆ عێراق ده‌كات


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئو‌سـترالیا ئه‌لێـكسانده‌ر داونه‌ر ده‌ڵێت ئه‌و ئاگاداری ئه‌و هۆشداریه‌ دیبلۆماسـیـیانه‌ نه‌بووه‌ كه‌ ڕایانگه‌یاندووه‌ كۆمپانیایه‌كی فرۆشـتنی به‌روبوومی دانه‌وێـڵه‌ی ئوسترالی به‌رتیلی به‌ حكومه‌تی سه‌دام حوسه‌ین له‌ عێراق داوه‌.

داونه‌ر ڕۆژی ســـێشه‌ممه‌ له ‌به‌رده‌م كۆمیته‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌م كاری گه‌نده‌ڵیـیه‌ شایه‌تی دا، گوتی ئه‌و به ‌بیری نایه‌ت هیچ نامه‌یه‌كی له‌و باره‌یه‌وه‌ خوێندبێته‌وه‌ یاخود له‌ لایه‌ن دیبلۆماتانه‌وه‌ به‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ی گه‌یشتبێت.

داونه‌ر ده‌ڵێت ئۆفیسه‌كه‌ی 21 نامه‌ی دیبلۆماتانیان هه‌ڵسه‌نگاندووه‌ كه‌ ئه‌م هۆشـداریه‌ی تیادا باس كراوه‌، به‌ڵام هیچ نه‌خراوه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌م. هاوكاتیش داكۆكی له‌ كرداره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی كرد، گوتی كۆمپانیای AWB كاربه‌ده‌ستانیان دڵنیا كردبۆوه‌ له‌وه‌ی كه‌ كۆمپانیاكه‌یان هیچ په‌یوه‌ندیـیه‌كی به‌ كاری گه‌نده‌ڵیـیه‌وه‌ نیه‌.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ جێـگری سه‌رۆك وه‌زیری ئوسترالی مارك ڤێـڵ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ نـكۆڵی له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ كرد.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك وه‌زیر جان هاوه‌رد ڕۆژی سـێـشه‌ممه‌ به‌یانـنامه‌یه‌كی پـێشـكه‌ش به‌ ده‌سته‌ی كۆمیته‌‌ی لێـكۆڵینه‌وه‌ی كردووه‌ و ده‌ڵێت ئاماده‌یه‌ شایه‌تی له‌و باره‌یه‌وه‌ بدات.

باوه‌ڕ ده‌كرێت له‌ كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا بانـگهێشت بكرێت و بۆ یه‌كه‌م جار بێت له‌ ساڵی 1983 وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرێـكی ئوسترالی داوای ئاماده‌بوونی لێـبكرێت له‌ به‌رده‌م كۆمیته‌یه‌كی لێـكۆڵینه‌وه‌دا.

XS
SM
MD
LG