سیاسه‌تمه‌دارانی كورده‌كان و عه‌ره‌به سونه‌كان دیسانه‌وه به‌ربژاركردنی ئیبراهیم ئه‌لجه‌عفه‌رییان وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیری حكومه‌تی نوێ ڕه‌ت كرده‌وه.
ئه‌م بڕیاره دوا به دوای پێكهاتنی كۆمیته‌یه‌كی تایبه‌ت له لایه‌ن هاوبه‌ندی سه‌ره‌كی شیعه‌كانی عێراقه‌وه هات كه هه‌وڵ ده‌ده‌ن لایه‌نه‌كانی تر قایل بكه‌ن به‌وه‌ی پشتگیری له به‌ڕێز جه‌عفه‌ری بكه‌ن. شیعه‌كان گه‌وره‌ترین لایه‌نی سه‌ره‌كی په‌رله‌مانن، به‌ڵام پێویستیان به ده‌نگه‌كانی سونه‌كان و كورده‌كانی ئه‌ندامی په‌رله‌مان هه‌یه كه ده‌نگ بۆ جه‌عفه‌ری بده‌ن و حكومه‌ت پێك بهێنرێت.
ڕێبه‌رانی شیعه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه جارێكی تر كۆده‌بنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بده‌ن. لایه‌نه عێراقیه‌كان بۆ چوار مانگ ده‌بێت هه‌وڵی پێكهاتنی حكومه‌ت ده‌ده‌ن. به‌ڵام دیدوبۆچونه جیاوازه‌كان له‌سه‌ر به‌رده‌وامی جه‌عفه‌ری وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیر بۆته هۆی دواخستنی دامه‌زراندنی ئه‌م حكومه‌ته.