Accessibility links

گولله تۆپه‌كانی ئیسرائیل پۆلیسـێـكی فه‌له‌ستینی ده‌كوژێت


كاربه‌ده‌ستانی فه‌له‌ستینی ده‌ڵێن تۆپخانه‌ی ئیسرائیل باكوری كه‌رتی غه‌ززه‌ی كوتاوه‌ و ئه‌فسه‌رێـكی كوشتووه‌ و به‌ لایه‌نی كه‌م 5 هاوڵاتیشی بریندار كردووه‌.

فه‌له‌سـتیـنیـیه‌كان ده‌ڵێن تۆپه‌كان به‌ر بنكه‌یه‌كی بچوكی ئاسایش له‌ شـارۆچكه‌ی به‌یت حانون كه‌وتووه‌.

له‌شكری ئیسرائیلی ده‌ڵێت بۆردومانه‌كه‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ وه‌ڵامی ئه‌و موشه‌كه‌ فه‌له‌سـتیـنیـیه‌یه‌ كه‌ له‌و ڕۆژانه‌ی دواییدا گیراوه‌ته‌ ئیسرائیل.

ئه‌و پـۆلیسه‌ ئه‌فسه‌ره‌ پا‌زده‌هه‌مین كه‌سه‌ كه‌ له‌ غه‌ززه‌ ده‌كوژرێت له‌وه‌ته‌ی ئیسرائیل له‌ ڕۆژی هه‌ینیـیه‌وه‌ په‌ره‌ی به‌ كاره‌ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌كانی داوه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشه‌ موشه‌كیـیانه‌ی كه‌ له‌ غه‌ززه‌وه‌ كراونه‌ته‌ سه‌ر ئیسرائیل.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ پـێش ئه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بگیرێت، بریكاری سه‌رۆك وه‌زیر ئیهود ئۆڵمه‌رت گوتی سنور بۆ كاره‌كانی هێزه‌كانی ئاسایش نیه‌ ئه‌گه‌ر مه‌ترسی له‌سه‌ر ئیسرائیل له‌ ئارادابێت.

باڵی چه‌كداری بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی ده‌سه‌ڵاتدار ڕۆژی هه‌ینی په‌یمانی دا تۆڵه‌ی هێرشه‌كانی ئیسرائیل بكاته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG