Accessibility links

مزگه‌وتێکی شیعه‌کان له به‌غدا ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و له ئه‌نجامدا 79 که‌س کوژراون


پۆلیسی عێراقی ده‌ڵێن زیاتر له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌ک له مزگه‌وتێکی شیعه‌کان له به‌غدا ڕوویداوه‌ و له ئاکامدا به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ 79 که‌س کوژراون و زیاتر له 160 که‌سیش بریندار بوون.

کاربه‌ده‌ستانی ئاسایش ده‌‌ڵێن ئه‌م ته‌قینه‌وه‌‌یه‌ی مزگه‌وتی به‌راثای شیعه‌کان له باکوری به‌غدا پاش هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌‌ی ئیمانداران له دوای نوێژی هه‌ینی ڕوویداوه‌ و ئاشکرایه‌ له لایه‌ن هێرشبه‌ری خۆکوژه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌.

تاوه‌کو ئێستا چۆنێتی ئه‌نجامدانی ئه‌‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ و ژماره‌ی ته‌قینه‌وه‌کان ئاشکرا نیه‌. به‌ڵام پێشتر کاربه‌ده‌ستانی عێراقی ڕایانگه‌یاند یاخیبوان سێ گولله‌ هاوه‌نیان بۆ مزگه‌وتێکی شیعه‌کان له به‌غدا هه‌ڵداوه‌. له لایه‌کی تریشه‌وه‌ ده‌ڵێن دڵنیان له‌وه‌ی ئه‌م هێرشه‌ له لایه‌ن هێرشبه‌ری خۆکوژه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌.

ئه‌م هێرشه‌ی ڕۆژی هه‌ینیش له رۆژێک دوای ڕوودانی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێک له نزیکی مه‌زاری ئیمامی عه‌لی پیرۆز له لای شیعه‌کان له نه‌جه‌ف ڕوویداو بووه‌ هۆی کوشتنی 10 که‌س.

کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن داوایان له عێراقیه‌کانی پایته‌خت کردووه‌ خۆێن به‌خش بکه‌ن و خۆیان له قه‌ره‌باڵغیه‌کانی نزیک مزگه‌وته‌کان و بازاڕه‌کان دووربخه‌نه‌وه‌، ئه‌م هۆشدارییه‌شیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ڕه‌وشه‌ نائارامه‌ی که به‌هۆی توندوتیژی نه‌ژادییه‌وه‌ له وڵاته‌که‌‌دا په‌یدا بووه‌.

XS
SM
MD
LG