کاربه‌ده‌ستانی عێراقی ده‌ڵێن ڕۆژی دووشه‌ممه، به لایه‌نی که‌مه‌وه 40 که‌س له ئاکامی هێرشێکی خۆکوژی‌دا کوژراون که له بنکه‌یه‌کی له‌شکری هاوبه‌شی ئه‌مریکی و عێراقی له باکوری به‌غدا ڕوویداوه.
هێرشبه‌ره‌که له ناوه‌ندێکی مه‌شق و ڕاهێنانی له‌شکری له نزیک ته‌له‌عفه‌ر خۆی ته‌قاندۆته‌وه. ئه‌م هێرشهس له کاتێکدا دێت که وه‌زیرانی ناو حکومه‌تی عێراقی ڕه‌خنه له ئۆپهراسیۆنهکهێ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه له‌شکری ئه‌مریکی و عێراق له ناو به‌غدا ده‌گرن که بووه هۆی کوشتنی 16 که‌س. هه‌ندێ له وه‌زیره‌کان ده‌ڵێن له ئه‌نجام ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا، ژماره‌یه‌ک ئیمانداری بێ چه‌کی ناو مزگه‌وتێکی گه‌ڕه‌کی مه‌دینه‌ت سه‌در له به‌غدا پایته‌خت گیانیان له ده‌ستداوه.
به‌ڵام له‌شکری ئه‌مریکی ده‌ڵێت هێزه تایبه‌تیه‌کانی عێراقی که کار له‌گه‌ڵ ڕاوێژکاره‌کانی ئه‌مریکادا ده‌که‌ن ، یاخیبوانیان کوشتووه و عێراقیهکیان ئازاد کردووه که به بارمته گیرابوو. هه‌روه‌ها له‌شکر ده‌ڵێت هیچ سه‌ربازێک نه‌چۆته ناو ئه‌و مزگه‌وته‌ی هێرشه‌ی کراوه‌ته سه‌ر.
هاوکات له به‌غدا، پۆلیسی عێراقی ده‌ڵێن له به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا 12 ته‌رمیان دۆزیوه‌ته‌وه که نیشانه‌ی ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌دانیان پێوه بووه. ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه‌ش له ڕۆژێک پاش ده‌رکه‌وتنی ته‌رمی 30 که‌س له نزیک شاری باقوبه هات که باوه‌ڕده‌کرێت خنکێنرابن.
له لایه‌کی تره‌وه، ته‌له‌فزیۆنی عه‌ره‌بی ئه‌لجه‌زیره وێنه‌یه‌کی ڤیدیۆیی بڵاوکردۆته‌وه که تیایدا عیزه‌ت ئیبراهیم ئه‌لدوری هه‌ڵهاتووی سه‌ر به ڕژێمی سه‌دام حوسه‌ین بانگه‌شه‌ی ڕێبه‌رانی عه‌ره‌ب ده‌کات په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراقیدا ببڕن و پشتگیری له یاخیبوانی سوننه بکه‌ن.