Accessibility links

په‌رله‌مانی نوێی عێراقی مه‌راسیمی سوێندخواردن به‌ڕێوه‌ ده‌بات


سێ مانگ دوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانتارییه‌کان، ڕۆژی سێشه‌ممه‌ په‌رله‌مانی نوێی عێراقی سوێندی یاسایی خوارد له کاتێکدا که ئه‌ندامه‌کانی هێشتا ناکۆکن له‌سه‌ر پێکهاتنی حکومه‌تی نوێی وڵاته‌که‌.

یه‌که‌م دانیشتنی دوخراوی په‌رله‌مان له کاتژمێرێک که‌متری خایاند. یاسادانه‌رانیش هێشتا ووتوێژ له‌سه‌ر پۆسته‌ سه‌ره‌کیه‌کانی وه‌ک سه‌رۆکی په‌رله‌مان و سه‌رۆک وه‌زیر ده‌که‌ن و تاوه‌کو ئێستا هیچ نیشانه‌یه‌کی به‌ره‌وپێشچوون له‌و باره‌یه‌وه‌ نیه‌.

پێش ده‌ستپێکردنی مه‌راسیمی سوێندخواردنه‌که‌ش، شه‌قامه‌کانی به‌غدا چۆڵ بوو بوو به‌ تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران هاتوچۆی ئۆتۆمبیلیان قه‌ده‌غه‌کرد له مه‌ترسی ڕوودانی توندوتیژی و ته‌قینه‌وه‌ که‌ ته‌نها له‌م هه‌فته‌یه‌دا بووه‌ هۆی له ده‌ستدانی ژیانی 200 که‌س.

له‌شکری ئه‌مریکیش ئاماده‌ییه‌کی زیاترییان له ناوچه‌ی به‌غدا هه‌بوو پێش ئه‌وه‌ی مه‌راسیمه‌که ده‌ست پێ بکات.

له کوردستانی عێراقیش، به‌ هه‌زاره‌ها کورد خۆپیشاندانیان سازکردووه‌ له دژی که‌موکوڕی خزمه‌تگوزارییه‌ حکومییه‌کان و هێرشیان کردۆته سه‌ر مۆزه‌خانه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ که له‌وێ کاربه‌ده‌ستان یادی 18 هه‌مین ساڵرۆژی کاره‌ساتی کیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌یان ده‌کرد که له‌ لایه‌ن ڕژێمی سه‌دام حوسه‌ینه‌وه‌ ئه‌نجامدرا.

خۆپیشانده‌رانیش گڕیان به‌رداوه‌ته‌وه‌ ئه‌و ده‌زگایه‌ی که‌ ڕێز له گیانی به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ پێنج هه‌زار قوربانی ئه‌و هێرشه‌ی ساڵی 1988 ده‌کات.

XS
SM
MD
LG