لێپرسراوانی ئه‌فغانی ده‌ڵێن له سه‌دا 99 دڵنیان له‌وه‌ی که جۆری کوشنده‌ی ڤایرۆسی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده له ووڵاته‌که‌یاندا بڵاوبۆته‌وه.
لێپرسراوانی ناوخۆی ته‌ندروستی ڕۆژی چوارشه‌ممه گوتیان له ڕۆژانی داهاتوودا دڵنیا ده‌بن له ئاکامی ئه‌و تاقیکردنه‌وانه‌ی ئه‌نجام ده‌درێن ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه له ژماره‌یه‌ک له کێڵگه‌کانی کابوڵی پایته‌خت و هه‌رێمی نانگه‌رهار له ڕۆژهه‌ڵاتی ووڵاته‌که.
له هندستانیش، لێپرسراوان خۆیان ئاماده ده‌که‌ن بۆ له‌ناوبردنی 75 هه‌زار مریشک له پێناو ڕێگه گرتن له بڵاوبونه‌وه‌ی نه‌خۆشیه‌که له ویلایه‌تی مه‌هاراشترای خۆرئاوای وڵاته‌که. ژماره‌یه‌ک له مریشکه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه ده‌رکه‌وتووه هه‌ڵگری جۆرێکی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده بن، به‌ڵام هێشتا نازانرێت که هه‌ڵگری جۆره کوشنده‌که‌یانن یان نا.
هاوکات، ژماره‌یه‌ک کاربه‌ده‌ستی وڵاتی سیریلا‌نکا ده‌ستیان کردووه به هه‌ڵمه‌تێکی هۆشیارکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی ده‌رباره‌ی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده و تێگه‌یاندنی خه‌ڵک له‌وه‌ی که خواردنی مریشک سه‌لامه‌ته سه‌رباری بڵاوبونه‌وه‌ی له هندستان.
کاربه‌ده‌ستانی ته‌ندروستی بورمیش به ده‌نگی ئه‌مریکایان ڕاگه‌یاندووه که‌وا ده‌ستیان کردووه به له ناوبردنی 2000 باڵنده و په‌له‌وه‌ڕ له باکوری بورما و گواستنه‌وه و هێنان و بردنی په‌له‌وه‌ڕیشیان له نێوان چه‌ند شوێنێکی ناوچه‌که‌دا قه‌ده‌غه کردووه.
له لایه‌کی تریش، تاقیگه‌یه‌کی یه‌کێتی ئه‌وروپا پشت ڕاستی کرده‌وه که‌وا مراوییه‌کی کێوی وڵاتی سوید هه‌ڵگری ڤایرۆسی H5N1 بووه و ئه‌مه‌ش به یه‌که‌م حاڵه‌تی ئه‌م نه‌خۆشیه له سوید داده‌نرێت.