Accessibility links

ڕووسیا ده‌ڵێت ئه‌م هه‌فته‌یه گفتوگۆ ناوه‌كیـیه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ستـپـێده‌كاته‌وه‌


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسـیا سـێرگی لاڤـرۆڤ ده‌ڵێت مۆسـكۆ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیك دا خولێـكی دیكه‌ له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئێران ده‌سـتپـێـده‌كاته‌وه.
ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی ڕووسـی ده‌ڵێت گفتوگۆكان سێشه‌ممه‌ یان چوارشه‌ممه‌ له‌ مۆسـكۆ ده‌ستـپـێـده‌كات.
دانوسـتاندنه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر پـێشــنیاری‌ ڕووسـیا سازكرابوو سه‌باره‌ت به‌ پـیتاندنی یۆرانیۆم ئێرانی له‌ ڕووسیا هیچ ئه‌نجامـێـكی نه‌بووه‌، ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ گوته‌بێـژێـكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران گوتبووی پـێـشـنیاره‌كه‌ی ڕووسـیا ڕه‌تكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌كی كورت قسه‌كانی گوته‌بێژه‌كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران مه‌نوچه‌هر موته‌كی ڕه‌تكرایه‌وه‌ و گوتی هێـشـتا كۆتایی به ‌پـێـشـنیاره‌كه‌ی ڕووسیا نه‌هێنراوه‌.

دووشه‌ممه‌، لاڤـرۆڤ ڕه‌خنه‌ی گرت له‌و هه‌ڵوێسـته‌ جیاوازانه‌ی كه‌ له‌ تارانه‌وه‌ ده‌رده‌چـێت، وه‌ گوتی ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆكان بێ ئومێد بووه‌ له‌ ڕه‌فتاری ئێران.
شـایه‌نی باسه‌ ڕووسیا پـێـشـنیاری كردبوو یۆرانیۆم بۆ تاران بـپـیـتـێـنـێـت به‌مه‌به‌ستی كه‌م كردنه‌وه‌ی مه‌ترسـیـیه‌ نێوده‌وڵه‌تیـیه‌كان، له‌وه‌ی ئێران كاری پـیتاندنی یۆرانیۆم به‌ ده‌ستی خۆی بۆ دروسـتكردنی بۆمبی ئه‌تۆمی به‌كاربـهێـنێت.
هه‌فته‌ی ڕابوردوو، ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم ڕاپۆرته‌كه‌ی خۆی سه‌باره‌ت به‌ چالاكـیـیه‌ ناوه‌كیـیه‌كانی ئێران ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به ‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی كرد. ڕاپـۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت لێـكۆڵینه‌وه‌كانی ئاژانسـه‌كه‌ ناتوانێت بیسه‌لمێـنێت تاران یۆرانیۆم بۆ مه‌به‌ستی دروستكردنی چه‌كی ناوه‌كی ده‌پـیـتێنێت.
وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا تاران به‌وه‌ تاوانبار ده‌كات كه‌ هه‌وڵی دروسـتكردنی بۆمبی ئه‌تۆمی ده‌دات. هه‌رچی ئێرانیشه‌ نكۆڵی لێ ده‌كات و ده‌ڵێت بۆ مه‌به‌ستی ئاشـتیخوازانه‌یه‌.

XS
SM
MD
LG