Accessibility links

چه‌ند وڵاتـێـك لێـكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر بوونی ئه‌نفلۆنزای باڵنده ڕه‌تـده‌كه‌نه‌وه


ڕێـكخـراوێـكی ژینـگه‌ ده‌ڵێت چه‌ند وڵاتـێـك هاوكاریمان ناكه‌ن له‌ لێـكۆڵینه‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نفلۆنزای كوشنده‌ی باڵنده‌ له‌ وڵاته‌كانیان.
ڕێـكخراوی دۆچ- به‌یسد وێـتلاند ئینته‌رناشناڵ كه‌ ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی ناحكومیـیه‌ و له‌ لایه‌ن ڕێـكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كـگرتووه‌كانه‌وه‌ بۆ كشتوكاڵ و خۆراك ڕاسـپـێـردراوه‌ بۆ پـشـكنین به‌ دوای ڤایرۆسی H5N1 له‌ باڵنده‌ كێویـیه‌كاندا.
ئه‌و ڕێـكخـراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌یـیه‌ ده‌ڵێت ئێران، نه‌یجیریا، سودان، تونس و توركیا ڕێـگه‌یان نه‌داوه‌ به‌ پـشـكێـنه‌ره‌كانمان بچنه‌ ناو وڵاته‌كانیانه‌وه‌.
وێـتلاند ئینته‌رناشناڵ ده‌ڵێت ڕه‌نـگه‌ هۆی ڕێـگه‌ پـێنه‌دانمان له‌ لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ بـگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مه‌ترسـیان له‌ ئه‌گه‌ری دۆزینه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ باڵنده‌ كێویـیه‌كانیاندا كه‌ له‌وانه‌یه‌ كاربكاته‌ سه‌ر بازاڕی په‌له‌وه‌ڕ و گه‌شتوگوزار له‌ وڵاته‌كه‌یاندا.
له‌ هه‌مان كاتدا وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ ملیۆنه‌ها دۆلاری داهاتیان له‌كیسچووه‌ به‌هۆی كه‌م بوونه‌وه‌ی بازاڕی په‌له‌وه‌ڕ كه‌ به‌شـێوه‌یه‌كی زۆر تیژ داده‌به‌زێت.
شایه‌نی باسه‌ ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ی جۆری H5N1 بڵاوبۆوه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیاوه‌ به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقیا و ئه‌وروپا، له‌ ساڵی 2003 وه‌ تائێستا 94 كه‌س به‌ هۆی ئه‌م نه‌خۆشـیـیه‌ گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌.

XS
SM
MD
LG