Accessibility links

دانوستاندنی نێوان ئێران و ئه‌وروپـیـیه‌كان شـكـسـت ده‌هـێـنێت


ڕۆژی هه‌ینی دوای 2 كاتژمێر له‌ ده‌ستپـێـكردنی وتووێژه‌كانی نێوان شاندی یه‌كـێـتی ئه‌وروپا و لێـپرسـراوانی ئێرانی سه‌باره‌ت به‌ چالاكیـیه‌ ناوه‌كیـیه‌كانی تاران، وتووێژه‌كان شـكستی هێنا و وه‌سـتا.
هاوكات، شاندی دانوسـتاندنه‌كانی یه‌كێـتی ئه‌وروپا گوتیان وتووێژه‌كانی ئه‌مڕۆیان له‌گه‌ڵ لێپـرسراوانی ئێرانیدا سـودی هه‌بووه‌، به‌ڵام ده‌شـڵێن ئێرانـیـیه‌كان ئاماده‌ نه‌بوون ئه‌و به‌شانه‌ی به‌رنامه‌ ناوه‌كـیـیه‌كه‌یان ڕابـگرن كه‌ ده‌توانرێت له‌ بواری دروسـتكردنی چه‌كی ناوه‌كی به‌كار بێت. وتووێژه‌كان له‌ شـوێنی نیشته‌جێی باڵیۆزی ئه‌ڵمانی ئه‌نجام درا.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، فرانـك واڵته‌ر شـتاینمه‌ر گوتی، یه‌كـێتی ئه‌وروپا سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئێران چالاكـیـیه‌ ناوه‌كـیـیه‌كانی ڕابـگرێت پـێـش ئه‌وه‌ی هه‌رچ دانوستاندنـێـكی دیكه‌ بكرێت. وه‌زیره‌كه‌ گوتیشی ئێران ئاماده‌ نـیه‌ ئه‌و كاره‌ بكات، ئیتر گفتوگۆكان له‌ پـڕ وه‌سـتان.
شـكست هێنانی وتووێژه‌كانی ئه‌مڕۆی نێوان ئێران و یه‌كێـتی ئه‌وروپا به‌ چه‌ند ڕۆژێـك به‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم IAEA دێت كه‌ بڕیاره‌ بۆ تاوتوێـكردنی ڕه‌وانه‌كردنی كێشه‌ی ناوه‌كی ئێران بۆ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كـگرتووه‌كان كۆبـبنه‌وه‌ بۆ ئه‌گه‌ری سه‌پاندنی سزا له‌ دژی ئێران به‌ هۆی ده‌ستـپـێـكردنه‌وه‌ی تاران به‌ پـیـتاندنی یۆرانیۆم.
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر لێـپـرسـراوانی ئێرانی و ڕووسی بۆ وتووێژكردنیان سه‌باره‌ت به‌ پـێـشـنیاره‌كه‌ی ڕووسیا بۆ پـیـتاندنی یۆرانیۆم له‌سه‌ر خاكی ڕووسیا كۆبونه‌وه‌ و تاران ئێستا هه‌ڕه‌شه‌ی كۆتایی هێنان به‌و وتووێژانه‌ ده‌كات ئه‌گه‌ر هاتوو دۆسـیـیه‌ی ناوه‌كی ئێران ڕه‌وانه‌ی به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بـكرێت.
هاوكات، سه‌رۆكی ئێرانی مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ مالیزیا ڕه‌خنه‌ی له‌ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم گرت و گوتی، ئاژانسی ناوبراو له‌ ژێر فشـاری سـیاسـی وڵاتانی ڕۆژئاواییدا بووه‌ و متمانه‌ی خۆی له‌ ده‌ستداوه‌.
گوته‌بێژی وڵاته‌ یه‌كـگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ IAEA له‌ ڤـیـیه‌نا، ماسیۆ بۆڵه‌ند، به‌ ده‌نـگی ئه‌مریكای گوت، ڕاپـۆرتـێـكی نهێنی IAEA كه‌ به‌سه‌ر دیبلۆماته‌كاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێران به‌ره‌و پـێـشه‌وه‌ ده‌چـێت له‌ پـلانه‌كانی بۆ دروستكردنی چه‌كی ناوه‌كی.

XS
SM
MD
LG