Accessibility links

هاتوچۆی ئۆتۆمبیل له به‌غدا قه‌ده‌غه‌کراوه‌ و ڕێبه‌رانی ئاینیش داوای ئارامی ده‌كه‌ن


قه‌ده‌غه‌کردنی هاتوچۆ له‌ به‌غدا بۆ ماوه‌ی یه‌ک ڕۆژ، ئارامیه‌کی کاتی به‌ پایته‌ختی عێراق به‌خشی.

به‌ڵام پێش قه‌ده‌غه‌کردنی هاتوچۆ، ژماره‌یه‌ک چه‌کدار له شارۆچکه‌یه‌کی بچوکی نزیک به‌غدا 18 کرێکاری شیعه‌یان کوشتووه‌.

له میانه‌ی نوێژی هه‌ینی‌دا، زۆربه‌ی مه‌لا ئاینیه‌کان داوای ئارامیان ده‌کرد، به‌ڵام شێخ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌لته‌ها که‌ شێخێکی سونه‌یه‌ له سامه‌را، که‌سانی بیانی و ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌که‌ی به‌ ئه‌نجامده‌ری توندوتیژییه‌ تایفیه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی وڵاته‌که‌ تاوانبار کرد.

سه‌رۆک وه‌زیر ئیبراهیم ئه‌لجه‌عفه‌ریش داوای له مه‌لا ئاینیه‌کان کردووه‌ له کاتی ووتاره‌کانی نوێژی هه‌ینی‌دا خۆیان له زمانی توندڕه‌وی دووربخه‌نه‌وه.

هاوکات، جۆرج که‌یسی فه‌رمانده‌ی له‌شکری ئه‌مریکی گوتویه‌تی وا ده‌رده‌که‌وێت کێشه‌ی تایفی ئه‌م دواییه‌ی وڵاته‌که‌‌ دامرکابێته‌وه‌، به‌ڵام ڕوودانی هێرشێکی تری گه‌وره‌ له شوێنێکی ئاینی‌دا، کاردانه‌وه‌یه‌کی خراپی ده‌بێت.

ژه‌نه‌ڕاڵ که‌یسی ستایشی حکومه‌تی عێراقی و هێزه‌کانی ئاسایشی کرد به‌هۆی ئه‌وه‌ی توانیان فه‌رمانده‌ی هه‌ڵمه‌ته‌کانی به‌ گژداچونه‌وه‌ی توندوتیژییه‌کانی ئه‌م دواییه‌ بکه‌ن، به‌ڵام گوتیشی ڕێگه‌یان به‌ چه‌کداره‌ شیعه‌کانیش داوه‌ به‌ خاڵه‌کانی پشکنین‌دا تێپه‌ڕ ببن.

ژه‌نه‌ڕاڵ که‌یسی له درێژه‌ی قسه‌کانیدا بۆ په‌یامنێرانی پنتاگۆن له ڕێگه‌ی کۆنفرانسی ڤیدیۆییه‌وه‌ گوتی حکومه‌تی عێراقی پێویسته‌ ئێستا تیشک بخاته‌ سه‌ر کۆنتڕۆڵکردنی گروپه‌ چه‌کدارییه‌کان و ئه‌و گروپانه‌ بکرێنه‌ به‌شێک له له‌شکری عێراق.

XS
SM
MD
LG