Accessibility links

عێراق قه‌ده‌غه‌کردنی هاتوچۆ له به‌غدا لاده‌بات


ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی قه‌ده‌غه‌کردنی هاتوچۆیان له به‌غدا لابردووه. ئه‌م قه‌ده‌غه‌کردنه‌‌ له لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانه‌وه‌ بڕیاری له‌سه‌ردرا پاش ئه‌وه‌ی توندوتیژییه‌ تایفیه‌کانی پاش ته‌قینه‌وه‌ی مه‌زارێکی پیرۆزی شیعه‌کان له هه‌فته‌ی ڕابردوودا، سه‌رینهه‌ڵدا.

هاوکات له ڕۆژی دووشه‌ممه‌دا، هێرشێکی به هاوه‌ن له گه‌ڕه‌کێکی شیعه‌کاندا بۆته‌ هۆی کوشتنی به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ چوار که‌س.

له کاتێکدا که هاتوچۆ بۆ پایته‌خت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، گه‌وره‌ترین هاوبه‌ندی سونه‌کان له په‌رله‌مان گوتویانه‌ ئه‌وان ئاماده‌ن به‌شداری ووتوێژه‌کانی پێکهاتنی حکومه‌تی نوێ بکه‌ن ئه‌گه‌ر هاتوو مزگه‌وته‌کانی سونه‌کان که ئێستا شیعه‌کان ده‌ستیان به‌ سه‌ردا گرتووه،‌ بۆیان بگه‌ڕێنرێته‌وه‌.‌

له لایه‌کی تریشه‌وه، کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریکی چاوه‌ڕێی هه‌واڵی نوێی ڕۆژنامه‌وانی ئه‌مریکی جڵ کارۆڵ ده‌که‌ن. باڵیۆزی ئه‌مریکاش، زاڵمای خه‌لیل زاد، له عێراق گوتویه‌تی خانم کارۆڵ ده‌ژی و وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقی به‌رامبه‌ر به‌ ئازادکردنی گه‌شبینه‌، ئه‌مه‌ له کاتیکدا دوامۆڵه‌تی دانراو بۆ کوشتنی له لایه‌ن ڕفێنده‌رانه‌وه‌ ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ تێپه‌ڕی.

سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی دادگایی کردنی ڕێبه‌ری ڕوخاوی عێراقی، سه‌دام حوسه‌ین، بڕیاره‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ دانیشتنێکی تری دادگا به‌ڕێوه‌ بچێت. یه‌کێک له‌ پارێزه‌ره‌کانی سه‌دامیش، خه‌لیل ئه‌لدوله‌یمی گوتویه‌تی سه‌دام حوسه‌ین کۆتایی هێناوه‌ به‌ مانگرتنه‌ یانزده‌ ڕۆژییه‌که‌ی له خواردن.‌

XS
SM
MD
LG