Accessibility links

حه‌ماس له‌گه‌ڵ پـێـكهێنانی حكومه‌تدا ڕوبه‌ڕوی ئه‌ركی قورس ده‌بێتهوه


سه‌رۆكی فه‌له‌سـتینی مه‌حمود عه‌باس به‌ فه‌رمی داوای له‌ حه‌ماس كرد حكومه‌تی نوێ پـێـكبهێنێت له‌ دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌ی به‌ده‌ستی هێنا له‌ مانگی ڕابوردوودا. وه‌ ڕه‌نـگه‌ ڕوبه‌رووی ئه‌ركی قورس و ترسناك بێت له‌ دوای كه‌مبوونه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ دارایـیه‌كان و ڕوون نه‌بوونه‌وه‌ی چۆنـێتی مامه‌ڵه‌كردنی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ حكومه‌تـێـك به‌ ڕێبه‌رایه‌تی كۆمه‌ڵـێـكی توندڕه‌وی ئیسلامی كه‌ له‌ لایه‌ن هه‌ندێـكه‌وه‌ وه‌ك ڕێـكخراوێـكی تیرۆریستی سه‌یر ده‌كرێت له‌وانه‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه‌.

گفتوگۆ سیاسیه‌ نهێنیـیه‌كان به‌رده‌وام بووه‌ ته‌نانه‌ت پـێش داواكردنی سه‌رۆك عه‌باس له‌ ڕێبه‌ری حه‌ماس ئیسماعیل هه‌نیـیه‌ بۆ پـێـكهێنانی حكومه‌تی نوێ.

هه‌نیه‌ ماوه‌ی مانـگێـكی هه‌یه‌ تا ئه‌و كاره‌ بكات. له‌ هه‌مان كاتدا ڕوبه‌ڕوی كێشه‌ی چۆنێـتی دابین كردنی موچه‌ی مانـگانه‌ی زیاتر له‌ 100 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری حكومی فه‌له‌ستینی ده‌بێته‌وه‌، له‌ دوای ئه‌وه‌ی ئیسرائیل ڕایگه‌یاند كه‌ یارمه‌تیــیه‌ مانـگانه‌كه‌ی بۆ ده‌سه‌ڵاتی فه‌له‌ستینی ده‌بڕێت.

حه‌ماس ده‌یه‌وێت وڵاته‌ عه‌ره‌بی و ئیسلامیـیه‌كان یارمه‌تی دارایی بده‌ن دوای ئه‌وه‌ی به‌خـشـێنه‌ره‌ ڕۆژئاوایـیه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی بڕینی یارمه‌تییه‌كانیان لێـكرد ئه‌گه‌ر واز له‌ توندوتیژی نه‌هێنێت و دان به‌ بوونی ئیسرائیلدا نه‌نێت، حه‌ماسیش ئه‌م داوایه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌.

وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی كۆمكاری عه‌ره‌بی كه‌ له‌ جه‌زایر كۆبونه‌ته‌وه‌ شكستیان هێنا له‌ ڕێكـكه‌وتن له‌ سه‌ر پـڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشـایـیه‌ دارایـیه‌، وه‌ بڕیاری كۆتایـیان بۆ كۆبونه‌وه‌كانی مانـگی ئاینده‌ له‌ خه‌رتوم له‌ سودان دواخست.

له‌ هه‌مان كاتدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كۆنده‌لیزا ڕایس له‌ سه‌ردانـێـكه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ مه‌به‌ستی هاندانی هاوپه‌یمانه‌ عه‌ره‌به‌كان كه‌ نامه‌یه‌كی ڕوون وئاشكرا بده‌ن به‌ حه‌ماس ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ داواكانی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی جێبه‌جێ بكه‌ن.

هه‌ندێ له‌ به‌رپـرسانی ئیسرائیلی و ڕۆژئاوایی پـێـیان وایه‌ ئێـسـتا كاتی فشارخستنه‌ له‌سه‌ر حه‌ماس به‌ڵام هه‌ندێـكی دیكه‌ ده‌ڵێن فشاری له‌ پـێویست زیاتر ڕه‌نـگه‌ ئه‌نجامی پـێـچه‌وانه‌ی لێ بكه‌وێته‌وه‌ و پاڵ به‌ حه‌ماسه‌وه‌ بنێت په‌نا بۆ سوریا و ئێران بنێت تا یارمه‌تی پـێـشكه‌ش بكه‌ن.

XS
SM
MD
LG