کاربه‌ده‌ستێکی باڵای ئیسرائیلی ڕه‌خنه‌ی له سه‌رۆکی ڕووسیا ڤلادمیر پوتن گرتووه به‌هۆی بانگهێشت کردنی ڕێبه‌رانی گروپی چه‌کداری حه‌ماس بۆ مۆسکۆ.
وه‌زیرێکی کابنه‌تی ئیسرائیلی (مێیر شیتریت) ئه‌م هه‌ڵوێسته به توڕه‌بونێکی نێوده‌وڵه‌تی ناوبرد و له میانه‌ی ڕاگه‌یاندنێکی ڕۆژی هه‌ینی بۆ رادیۆی ئیسرائیلی گوتی به‌ڕێز پوتن له پشتی ئیسرائیلی داوه.
کاربه‌ده‌ستانی ڕوسیا ده‌ڵێن به‌ڕێز پوتن رۆژی پێنج شه‌ممه ئه‌م بانگهێشته‌ی ڕاگه‌یاندووه به مه‌به‌ستی دان پیادان به سه‌رکه‌وتنی ئه‌م دواییه‌ی حه‌ماس له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانتارییه‌کان. ڕێبه‌رێکی حه‌ماسیش گوتویه‌تی به خۆشحاڵیه‌وه ئه‌و بانگهێشته قبوڵ ده‌که‌ن.
له پاریسیش، قسه‌که‌رێکی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسی پشتگیری خۆی بۆ ئه‌م بانگهێشته‌ی به‌ڕێز پوتن بۆ حه‌ماس نیشانداوه و پێی وایه ووتوێژکردن له‌وانه‌یه پرۆسه‌ی ئاشتی به‌ره‌و پێشه‌وه ببات.
کاربه‌ده‌ستانی ڕوسی داکۆکی له‌م بانگهێشته ده‌که‌ن. وه‌زیری به‌رگری ڕوسیا، سێرجی ئیڤانۆڤ ئه‌و پێشبینی ده‌کات ژماره‌یه‌ک ووڵاتی دیکه‌ش په‌یوه‌ندی به حه‌ماس بکات دوا به دوای سه‌رکه‌وتنیان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا.
شاندی ڕوسیاش له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئه‌لیکزانده‌ر کلاوگن به ئاژانسی هه‌واڵی ئینته‌رفاکسی ڕاگه‌یاندووه که‌وا ئه‌م کۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ حه‌ماس تیشک ده‌خاته سه‌ر قه‌ناعه‌ت کردن پێیان که ڕێز له ڕێکه‌وتنامه‌کانی ئێستا بگرن و کۆتایی به کرده‌وه تیرۆرستیه‌کانیان بهێنن و دان به بوونی ئیسرائیل‌دا بهێنن.