Accessibility links

توڕه‌یی موسوڵمانه‌کان له‌سه‌ر کاریکاتێره‌کانی پێغه‌مبه‌ره‌که‌یان به‌رده‌وامه‌ سه‌رباری داواکارییه‌کان بۆ ئارامی


موسوڵمانه‌کان له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و کاریکاتێره‌ سیاسیانه‌ی ئه‌وروپا که گوایا وێنه‌ی پێغه‌مبه‌ر موحه‌ممه‌دن توڕه‌ن و به‌رده‌وامن له سازکردنی خۆپیشاندان له سه‌رانسه‌ری جیهاندا سه‌رباری داوای ڕێبه‌رانی ئیسلامی بۆ خۆڕاگری و ئارامی..

له ئه‌فغانستان، له ئه‌نجامی ێکدادانی نێوان پۆلیس و سه‌دان خۆپیشانده‌ران له ناوچه‌ی لاغمان ی ڕۆژهه‌ڵاتی ووڵات، سێ که‌س کوژراوه‌ و چوار که‌س بریندار بووه‌‌. هاوکات، خۆپیشاندان له به‌رده‌م ئۆفیسی دیپلۆماتانی دانیمارکی له کابوڵیش ئه‌نجامدراوه‌.

له سۆماڵیش، لاوێک کوژراوه‌ کاتێک که خۆپیشانده‌ران هێرشیان کردۆته‌ سه‌ر پۆلیس. له مالی و نایجیریاش، خۆپیشاندانی ئارام سازکراوه‌.

خۆپیشانده‌رانی ئێرانیش به‌ به‌رد و بۆمبی ئاگراوی هێرشیان کردۆته‌ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی نه‌مسا له تاران و هه‌ندێ زیانیان به‌ بیناکه‌ گه‌یاندووه‌.

له هندستان، به‌ سه‌دان خوێندکار موسوڵمان خۆپیشاندانیان له نیودلهی سازداوه‌ و ئاڵای دانمارکیان له‌ به‌رده‌م هێزی پۆلیس دا سوتاندووه‌ که هه‌وڵی هێورکردنه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌که‌ و بڵاوه‌ پێکردنی خۆپیشانده‌رانیان داوه‌.

له هه‌ندێ له وڵاتانی تری وه‌ک ئه‌نده‌نوسیاش خۆپیشاندان سازکراوه‌.

پێشتریش، ژماره‌یه‌ک ڕێبه‌ری سیاسی و مه‌لای ئاینی موسوڵمانه‌کان دواوای ئارامیان کردبوو و گوتبوویان توند و تیژی هه‌روه‌ک کاریکاتێره‌کان بۆ ئیسلام زیانبه‌خشه‌. موسوڵمانه‌کان هه‌ر جۆره‌ وێنه‌کێشانێکی پێغه‌مبه‌ر موحه‌ممه‌د به‌ گوناهی داده‌نێن.

سکرتێری گشتی ن.ی داوای ئارامی له موسوڵمانه‌کان کردووه‌ و داخوازی لێکردوون لێبوردنی ڕۆژنامه‌ دانمارکیه‌که‌ قبوڵ بکه‌ن که یه‌که‌م جار ئه‌و کاریکاتێرانه‌ی بڵاوکردۆته‌وه‌. هه‌روه‌ها وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسیش داوای ئارامی کردووه‌.

هه‌روه‌ها کۆشکی سپی خۆپیشاندانه‌ توندوتیژییه‌کانی مه‌حکوم کردووه‌ و داوای له حکومه‌ته‌کان کردووه‌ هه‌نگاو بۆ هێورکردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌که بنێن.

دانمارک داوایی له ووڵاتیانی کردووه‌ سه‌ردانی وڵاته‌ موسوڵمانه‌کان نه‌که‌ن پاش ئه‌وه‌ی هێرش کرایه‌ سه‌ر قونسوڵخانه‌ و باڵیۆزه‌کانی دانمارک له لوبنان و سوریا و ئاگرییان تێبه‌ردرا. باڵیۆزخانه‌ی نه‌رویجیش له دیمه‌شق ڕۆژی شه‌ممه‌ سوتێندرا.

XS
SM
MD
LG