Accessibility links

ئێران هاوكاریـیه ئاره‌زومه‌ندانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ IAEA كۆتایی پـێـده‌هـێنێت


ئێران ده‌ڵێت هه‌موو هاوكاریـیه‌كی ئاره‌زومه‌ندانه‌ی له‌گه‌ڵ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم كۆتایی پـێهێناوه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئاژانسه‌كه‌ ده‌نگی دا بۆ ڕه‌وانه‌كردنی ئێران به‌ره‌و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كـگرتووه‌كان له‌ سه‌ر به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران مه‌نوشه‌هر موته‌كی، به‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی گوت، تاران هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی ڕاگرتووه‌ كه‌ ئاره‌زومه‌ندانه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ندین سـاڵی ڕابوردوودا له‌ ئه‌ستـۆی ‌گرتبوو. گوتیشی ئێران به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پابه‌ندبوونی به‌ به‌ڵێنه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ په‌یمانـنامه‌ی بڵاو نه‌كردنه‌وه‌ی چه‌كی ناوه‌كی.

پـێـشتر گوته‌بـێـژێــكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ گوتی، حكومه‌تی ئێرانی هـێشـتا كراوه‌یه‌ بۆ وتووێـژكردن سه‌ره‌ڕای ده‌نـگدانی ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سـته‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆم.

كاربه‌ده‌ستانی ئێرانی ده‌ڵێن به‌رده‌وام ده‌بن له‌و وتووێژانه‌ی كه به‌رنامه‌ی بۆ دانراوه‌ له‌گه‌ڵ ڕووسـیا ئه‌نجام بدرێت ‌ده‌رباره‌ی پـیتاندنی یۆرانیۆم.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سه‌رۆك بوش گوتی، بڕیاری IAEA په‌یامـێـكی ڕوون ئاڕاسـته‌ ده‌كات كه‌ جیهان ڕێــگه‌ نادات‌ ئـێران بـبێـته‌ خاوه‌نی چه‌كی ناوه‌كی.

له‌ ئه‌ڵمانیاش ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ وه‌زیری به‌رگری ڕووسـیا، سـێرگی ئیڤانۆڤ گوتی، گومان هه‌یه‌ سه‌پاندنی سزا به‌ سه‌ر ئێراندا كاریـگه‌ری هه‌بێت.

XS
SM
MD
LG