Accessibility links

گروپی حه‌ماس خۆیان بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی فه‌له‌ستینی ئاماده‌ ده‌که‌ن


گروپی چه‌کداری ئیسلامی حه‌ماس خۆیان بۆ پێکهێنانی حکومه‌تی داهاتووی فه‌له‌ستینی ئاماده‌ ده‌که‌ن پاش ئه‌وه‌ی توانیان سه‌رکه‌وتن له هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانتارییه‌کانی فه‌له‌ستین‌دا به‌ده‌ست بهێنن.

ڕێبه‌رێکی باڵای حه‌ماس ئیسماعیل هه‌نیه‌ ده‌ڵێت داوای له ڕێبه‌ری فه‌له‌ستینیه‌کان مه‌حمود عه‌باس کردووه‌ له ماوه‌ی دوو ڕۆژی داهاتوودا کۆببنه‌وه‌ و گفتوگۆ له‌سه‌ر حکومه‌تی داهاتوو بکه‌ن.

به‌ڕێز عه‌باس ڕۆژی هه‌ینی دووپاتی کرده‌وه‌ داوا له پارتی زۆرینه‌ واتا حه‌ماس ده‌کات حکومه‌ت پێک بهێنێت. حه‌ماس 76 له‌ کۆی 132 کورسی په‌رله‌مانیان برده‌وه‌ و توانیان شکست به‌ پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی فه‌تح ی به‌ڕێز عه‌باس بهێنن.

له لایه‌کی دیکه‌وه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیلی تزپی لڤین گوتویه‌تی کشانه‌وه‌ی ئیسرائیل له غه‌ززه‌ ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ی واڵا کرد که بواری بۆ هه‌ڵمه‌ته‌کانی ئاشتی خۆش ده‌کرد، به‌ڵام سه‌رکه‌وتنی حه‌ماس ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ی قه‌پات کرد.

هاوکات، سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئۆردوگان ڕۆژی هه‌نی له سویسرا رایگه‌یاند که‌وا وڵاته‌که‌ی ئاماده‌یه‌ ڕۆڵی دانوستانده‌ری نیوان ئیسرائیل و حکومه‌تی فه‌له‌ستینی به‌ ڕێبه‌رایه‌تی حه‌ماس ببینیت.

له غه‌ززه‌ش، له ئاکامی پێکدادانێکی نێوان چه‌کدارانی فه‌تح و حه‌ماس له شارۆچکه‌ی خان یونس، به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ سێ که‌س گیانیان له ده‌ستداوه‌.

XS
SM
MD
LG