Accessibility links

ئیسرائیل ئاماژه به كاری سه‌ربازی له دژی ئێران ده‌كات


ئیسرائیل هه‌ڕه‌شه‌ی كردووه‌، به‌وه‌ی هێرشـێـكی ده‌ستپـێـشـخرانه‌ ده‌كات له‌ دژی به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی ئێران.

وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل، شائول مۆفاز ئاماژه‌ی دا به‌وه‌ی ئیسرائیل خۆی ئاماده‌ ده‌كات بۆ كاری سه‌ربازی له‌ دژی ده‌زگا ناوه‌كیـیه‌كانی ئێران.

شائول مۆفاز گوتی، " ئیسرائیل ناتوانێت بێ ده‌نگ بێت به‌رامبه‌ر توانا ناوه‌كیـیه‌كانی ئێران، وه‌ ده‌بێت به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك به‌رگری له‌ خۆی بكات، ئێسـتاش ئێمه‌ خۆمان ئاماده‌ ده‌كه‌ین".

به‌ڵام مۆفاز گوتی، هه‌وڵه‌ دیبلۆماسـیـیه‌ نێوده‌وڵه‌تـیـیه‌كان ده‌بێت هه‌نگاوی یه‌كه‌م بێت. پـێـشـوازیشی كرد له‌و هه‌وڵانه‌ی ده‌درێت به‌ سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌ یه‌كـگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ ڕاپـێچـكردنی ئێران بۆ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كـگرتووه‌كان، گوتیشی سزا و چاودێریكردنی نێوده‌وڵه‌تی له‌ سه‌ر به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كانی ئێران له‌م كاته‌دا سـیاسه‌تـێـكی ڕاسته‌.

شایه‌نی ئاماژه‌ پـێـكردنه‌، ئیسرائیل هه‌ر له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می پاره‌وه‌ هۆشداریدا له‌ سه‌ر په‌ره‌سه‌ندنی به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كانی ئێران، كاتێ سه‌رۆكی ئێرانی بانگه‌شه‌ی سـڕینه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی ئیسرائیلی كرد.

گوته‌بێژی ئیسرائیلی مارك ریـگیڤ، ده‌ڵێت ده‌بێت وڵاته‌ یه‌كـگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌وروپا به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر خێراتر بكه‌ونه‌ گه‌ڕ تا ڕێـگه‌ له‌ ئێران بگرن نه‌بێـته‌ خاوه‌نی بۆمبی ئه‌تۆمی.

مارك ریـگیڤ له‌ به‌رده‌وامی گوته‌كه‌ی ده‌ڵێت، "پـێـكهاته‌ی ئه‌و ڕژێمه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و نیازه‌‌ زۆر توند ڕه‌ویـیه‌ی و له‌ سه‌رو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ببێـته‌ خاوه‌نی چه‌كی ناوه‌كی، پێم وایه‌ ده‌بێت به‌ پـێـكهاته‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیدار، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌س له‌ كۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ناتوانێت پێی ڕازیبێت".

هێزی ئاسمانی ئیسرائیل له‌ ساڵی 1981 دا كارلێـكه‌ره‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی عیراقیان وێرانكرد، وكاربه‌ده‌ستانی ئیسرائیلی چه‌ندین جار هۆشداریان دابوو، ئه‌گه‌ر هه‌وڵه‌ دیبلۆماسـيـیه‌كان شكست بهێنێت، ئه‌وا ڕێـگای سه‌ربازی هه‌یه‌.

XS
SM
MD
LG