Accessibility links

یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مۆر ده‌كرێت


له كۆبونه‌وه‌ی نائاسایی ڕۆژی شه‌ممه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانی عێراق، ڕێكه‌وتنامه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان مۆر كرا.

له میانه‌ی ئه‌م مه‌راسیمه‌دا هه‌ر یه‌كه‌ له جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ووتاری خۆیان به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ پێشكه‌ش كرد.

له‌م مه‌راسیمه‌دا، عه‌دنان موفتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی ڕاگه‌یاندنی پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی بۆ هه‌فته‌ی داهاتوو دواخرا به‌هۆی پێویستی ئاماده‌كردنی چه‌ند بڕگه‌یه‌كی یاسایی پێویستی تایبه‌ت به‌و پۆستانه‌وه‌. هه‌روه‌ها وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و داد و دارایی و پێشمه‌رگه‌ له ماوه‌ی كه‌متر له یه‌ك ساڵ كاروباره‌كانیان یه‌كبخه‌ن و ڕێك بخرێن.

بۆ جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌و كۆسپانه‌ی دێنه‌ به‌رده‌م، له هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان لیژنه‌ی هاوبه‌ش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ڕێكخراون.

جێی باسه‌، له‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستانی، هه‌ریه‌ك له زاڵمای خه‌ڵیل زاد باڵیۆزی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و باڵیۆزی ووڵاتانی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا و ئێران و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق ئه‌یاد عه‌لاوی و نوێنه‌ری لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی عێراق و كوردستان ئاماده‌ بوون.

XS
SM
MD
LG