Accessibility links

شیعه‌ ئاینزاكان گه‌وره‌ترین به‌شیان له‌ په‌رله‌مانی نوێی عێراقیدا ده‌ست ده‌كه‌وێت


دوا ئاكامه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانتارییه‌كه‌ی پانزده‌ی مانگی دیسه‌مبه‌ری پێشووی عێراق نیشانی ده‌دات كه‌وا هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كی پارته‌ شیعه‌كان گه‌وره‌ترین ژماره‌ی كورسیه‌كانی په‌رله‌مانیان ده‌ستكه‌وتووه‌، به‌ڵام ناتوانن ببنه‌ زۆرینه‌ی ته‌واو.

كاربه‌ده‌ستانی هه‌ڵبژاردن ڕۆژی هه‌ینی ڕایانگه‌یاند كه‌وا هاوپه‌یمانی یه‌كگرتووی عێراقی 128 له كۆی 275 كورسی په‌رله‌مانی ده‌ستكه‌وتووه‌ و لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانیش 53 كورسی ده‌ستكه‌وتووه‌.

دوو گروپی سه‌ره‌كی عه‌ره‌به‌ سونه‌كانیش، به‌ره‌ی ته‌وافوق 44 كورسی و به‌ره‌ی دیالۆگی نیشتمانی 11 كورسیان بردۆته‌وه. پارته‌ سیاسیه‌كان ماوه‌ی دوو ڕۆژییان دراوه‌تێ بۆ ئه‌وه‌ی ئاكامه‌كان ڕه‌ت بكه‌نه‌وه‌ یاخود ناڕه‌زایی خۆیان پێشكه‌ش بكه‌ن پێش ئه‌وه‌ی ئاكامه‌كان مۆر بكرێتن.

هاوكات په‌یامنێرمان سروه‌ عه‌بدولواحد پێی ڕاگه‌یاندین كه‌وا عه‌مار ئه‌لحه‌كیم كوڕه‌ گه‌وره‌ی عه‌بدولعه‌زیز ئه‌لحه‌كیم ی سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانی یه‌كگرتووی عێراقی سه‌ر به‌ شیعه‌كان ناڕه‌زایی خۆی ده‌ربڕیوه‌ و گوتویه‌تی ژماره‌ی كورسیه‌كان به ‌شێوه‌یه‌كی نا یه‌كسانانه‌ به سه‌ر پارته سیاسیه‌كاندا دابه‌شكراوه‌. هه‌روه‌ها باوه‌ڕده‌كرێت كورده‌كانیش ناڕه‌زایی خۆیان به‌رامبه‌ر به‌ ئاكامه‌كان پێشكه‌ش بكه‌ن.

بۆ گوێگرتن له درێژه‌ی ئه‌م ڕاپۆرته‌، تكایه‌ كلیكی ئه‌و ئۆدیۆ فایله‌ی لای سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ بكه‌.

XS
SM
MD
LG