Accessibility links

بوش له‌گه‌ڵ ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانی ئه‌نگێلا مێركڵ ده‌رباره‌ی دۆسـیه‌ی ئێران گفت‌وگۆ  ده‌كه‌ن


سه‌رۆك بوش و ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانی ئه‌نگێلا مێركڵ ده‌ڵێن به‌رده‌وامن له‌ كاری هاوبه‌ش بۆ قایل كردنی ئێران به‌وه‌ی په‌ره‌ به‌ چه‌كی ئه‌تـۆمی نه‌دات. ئێرانیش ده‌ڵێت په‌ره‌ به‌ چه‌ك ناده‌ین و یۆرانیۆمیش ته‌نها بۆ كاری ئاشتی زاخاو ده‌كه‌ین‌.

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت، زۆر له‌ نزیكه‌وه‌ كار ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ڕاوێژكار مێركڵ و هاوپه‌یمانه‌ ئه‌وروپی‌یه‌كانی دیكه‌شمان بۆ ڕێـكـكه‌وتن له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی داهاتوومان چیـبێت تا ئێران ڕابگرین له‌ په‌ره‌پـێدانی چه‌كی ناوه‌كی، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ دانوستاندنه‌كان له‌گه‌ڵ تاران هه‌ره‌سی هێنا.

دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانی له‌ كۆشكی سـپـی سه‌رۆك بوش گوتی، به‌ بۆچوونی من هه‌نگاوی شیاوی داهاتوو ڕه‌وانه‌كردنی ئێرانه‌ بۆ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كـگرتووه‌كانه‌ بۆ ئه‌گه‌ری سزادانی.

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت، " چه‌كدار بوونی ئێران به‌ چه‌كی ناوه‌كی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ترسناكه‌ له‌ سه‌ر ئاسایشی جیهان، وڵاتانی وه‌كو ئێمه‌ش پـێویسـته‌ له‌ سه‌ریان پابه‌ندبن به‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ ناردنی په‌یامێـكی هاوبه‌ش بۆ ئێرانی‌یه‌كان كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی په‌ره‌ بده‌ن به‌ چه‌كی ناوه‌كی یان به‌ ناوی پرۆگرامی ناوه‌كی ئاشتیخوازانه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت شاره‌زایی له‌ سه‌ر چۆنێتی په‌ره‌پـێدانی چه‌كی ناوه‌كی په‌یدا بكه‌ن، ئه‌مه‌ش كارێكی نا په‌سه‌نده‌.

ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانی خانم مێركڵ له‌ وه‌ڵام‌دانه‌وه‌ی بۆ پـرسیارێـكی په‌یامنێره‌كان گوتی پێویسته‌ سه‌ركرده‌ ئێرانی‌یه‌كان چاك بزانن كه‌ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی سووره‌ له‌ سه‌ر ڕێگه‌ نه‌دان به‌ ئێران كه‌ په‌ره‌ بدات به‌ چه‌كی ناوه‌كی.

هه‌روه‌ها گوتیشی ڕاگه‌یاندنه‌كانی ئه‌م دوایـیانه‌ی سه‌رۆك مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ده‌رباره‌ی كۆكوژی جوله‌كه‌كان و بانگه‌شه‌ی كۆتایی هێنان به‌ وڵاتی ئیسرائیل وا ده‌كات هه‌ڵوێستی هاوبه‌ش به‌رامبه‌ر به‌ تاران كارێكی زۆر گرنگ بێت.

خانم مێركڵ گوتی كۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ بێ گومان ناتـۆقـێنرێت به‌ وڵاتێـكی وه‌ك ئێران.

به‌ڵام ڕوون نیـیه‌ ئایا سه‌ركرده‌كانی ئه‌ڵمانیا و ئه‌مریكا پشتگیری چین و ڕووسیایان هه‌یه‌ بۆ ڕاپـێچكردنی ئێران بۆ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایش چونكه‌ هه‌ردووكیان خاوه‌نی مافی ڤیتۆن بۆ ڕاگرتنی هه‌ر چ بڕیارێـكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كـگرتووه‌كان.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر دۆسێـكه‌ی ڕه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بكرێت ئه‌وا چیتر ڕێـگا نادات به‌ پشكنه‌ره‌ ئه‌وروپـیه‌كان چاودێری چالاكی‌یه‌ ناوه‌كی‌یه‌كانی بكه‌ن.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك بوش و ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانی ئه‌نگێلا مێركڵ گفت و گۆیان كرد له‌ سه‌ر چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ له‌وانه‌، ئه‌ڤغانستان، به‌ڵقان، عیراق، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ڕێكخراوی ناتـۆ، بازرگانی هاوبه‌ش و جه‌نگی دژه‌ تیرۆر.

خانم مێركڵ جارێـكی دیكه‌ باسی له‌ به‌ندینخانه‌ی گوانتانامۆ له‌ دوورگه‌ی كوبا كرد و داوای داخستنی ده‌كرد وه‌ له‌ وه‌ڵام‌دا سه‌رۆك بوش گوتی ئه‌م به‌ندینخانه‌یه‌ كه‌ له‌ بنكه‌یه‌كی هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكادایه‌ زۆر پێویسته‌ بۆ پاراستنی گه‌لی ئه‌مریكا له‌ جه‌نگی دژه‌ تیرۆر.



XS
SM
MD
LG