Accessibility links

ڕایس پشـتیوانی له ڕه‌وانه‌كردنی كێشه‌ی ناوه‌كی ئێران بۆ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ده‌كات


ڕۆژی پـێنج‌شه‌ممه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كونده‌لیزا ڕایس ڕایگه‌یاند، ئه‌مریكا پشتیوانی‌یه‌كی به‌هێز له‌و جموجۆڵه‌ی ئه‌وروپی‌یه‌كان ده‌كات به‌ مه‌به‌ستی ڕه‌وانه‌كردنی كێشه‌ی به‌رنامه‌ی ناوه‌كی ئێران بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كـگرتووه‌كان.


خانم ڕایس ئێرانی به‌وه‌ تاوانباركرد كه‌ به‌ئه‌نقه‌ست په‌ره‌ به‌ به‌ره‌نگاری‌یه‌كه‌ی ده‌‌دات، به‌ڵام گوتیشی هێشتا وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هیواداره‌ كێشه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیبلۆماسی چاره‌سه‌ربكرێت.

هه‌روه‌ها له‌ گوته‌كه‌ی بۆ په‌یامنێره‌كان خانم ڕایس، بڕیاره‌كه‌ی ئه‌وروپی‌یه‌كانی پشتڕاست كرده‌وه‌، له‌وه‌ی ئێران له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا كاری ئیسـتیفزازی‌ ده‌كات و هه‌ره‌سی به‌ بنه‌مای گفت و گۆكان هێناوه‌ له‌گه‌ڵ سێ قۆڵی ئه‌وروپی‌داو هیچ ڕێـگه‌یه‌كی نه‌هێشتۆته‌وه‌ ته‌نها گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش.

هه‌رچه‌نده‌ خانمی وه‌زیر سووره‌ له‌سه‌ر ڕه‌وانه‌كردنی كێشه‌كه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌ ڕێـگه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ په‌له‌ی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمی، به‌ڵام ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ ڕێـگه‌ چاره‌سه‌ری دیبلۆماسی له‌گه‌ڵ ئێراندا كۆتایی پێ هاتووه‌.

وه‌ له‌میانه‌ی پرسیارو وه‌ڵامه‌كاندا، ڕه‌تی كرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی ئێران به‌ كێشه‌ی ئه‌وسای عیراق به‌راورد بكرێت.

خانم ڕایس گوتی هێشتا زووه‌ بۆ باسكردنی ئه‌گه‌ری سزاكانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، هه‌روه‌ها دوو ئه‌ندامی به‌رده‌وامی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش هه‌یه‌، ڕووسیا وچین، په‌یوه‌ندی ئابوری فراوانیان هه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ ئێراندا ده‌بێت قایل بكرێن پـشـتیوانیمان بكه‌ن.


XS
SM
MD
LG