له كانونی یه‌كه‌می 2005 دا كۆمپانیایه‌كی هێڵی ئاسمانی تایبه‌تی توركی ده‌ستی به گه‌شتی ئاسمانی نێوان ئسـته‌نبوڵ و هه‌ولێر کرد. كاربه‌ده‌سـتێـكی كۆمپانیاكه ده‌ڵێت ئه‌و گه‌شه پـێدانه‌ی بواری بازرگانیداکه له نێوان توركیا و كورده‌كانی عیراقدا هه‌یه، هانی داین ببین به یه‌كه‌م كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی له دوای
ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام حوسه‌ینه‌وه په‌یوه‌ندی نێوان توركیا و عیراق ده‌ست پێ بکاته‌وه. ئه‌مبه‌رین زه‌مان له په‌یامه‌كه‌یدا له ئه‌نقه‌ره‌وه ده‌ڵێت په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی نێوان توركیا و كورده‌كانی عیراق زیادی كردووه.
حلمی ئۆزكوك فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانی توركیا به كورتی باسی له سـیاسه‌تی تازه‌ی توركیای كردووه و گوتویه‌تی پـێویسته خۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییه نوێـیانه‌دا بگونجێنین كه له عیراقدا هاتـۆته كایه‌وه.
تا ماوه‌یه‌كیش له‌مه‌و به‌ر به لای هاوکاره له‌شکرییه‌کانی ژه‌نه‌ڕاڵ حلمی ئۆزكوک شتێکی سه‌یر نه‌ده‌بوو ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشکردنه سه‌ر کورده‌کانی عیراقی بکردایه به‌هۆی ئه‌وه‌ی گوایا ده‌یانه‌وێت ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنن.
به‌ڵام ده‌ستوری په‌سه‌ند كراوی نوێی عیراق كه له سه‌ر شێواز‌ی فیدرالی دامه‌زراوه، ئۆتـۆنـۆمـیـیه‌كی به هێز تر له جاران به كورده‌كان ده‌دات.
سه‌فین دزه‌یی به‌رپرسی په‌یوه‌ندی‌یه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانی عیراق به ده‌نگی ئه‌مریكای ڕاگه‌یاند " توركیا به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چـێت به فیدرالی له عیراقدا قایل بێت، چونكه ئه‌وه ته‌نها داوای کورده‌کان نیه به‌ڵكو هی زۆربه‌ی عیراقی‌یه‌كانیشه. هه‌روه‌ها گوتیشی كوردستان جێـگه‌یه‌كی یاسایی تایبه‌تی خۆی له ناو ده‌ستوری نوێی عیراقدا هه‌یه كه له لایه‌ن گه‌لی عیراق و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه په‌سه‌ند کراوه. بۆیه وا هه‌ست ده‌كه‌ین تێـگه‌یشتنێـكی زیاتر له لایه‌ن توركیاوه هه‌یه که ڕێز له خواسته‌كانی گه‌لی عیراق بگرێت، به تایبه‌تی له لایه‌ن پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ( پارتی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پـێدان ) ."
هه‌روه‌ها به‌ڕێز دزه‌یی ده‌ڵێت " گه‌شه پـێدانی بازرگانی یه‌كێـكه له‌و ڕێـگایانه‌ی كه په‌یوه‌ندییه‌كانمان باشتر ده‌كات. په‌یوه‌ندی بازرگانی له نێوان توركیا و كوردستان زیادی كردووه به تایبه‌تی له بواری بینا سازیدا. زۆربه‌ی ئه‌و كۆمپانیانه‌ی ئێستا له كوردستاندا كار ده‌كه‌ن كۆمپانیای توركین. به به‌های یه‌ك ملیار دولاریش گرێبه‌ست یاخود قۆنته‌رات به كومپانیه توركی‌یه‌كان دراوه، جگه له كه‌ل و په‌لی ناو ماڵ و ئامێری كاره‌بایی و ئازوقه كه له توركیاوه بۆ کوردستان دێت."
چاودێران پـێـیان وایه له پاڵ بازرگانیدا هه‌نگاوی گه‌وره‌تر هه‌یه بۆ پته‌و كردنی په‌یوه‌ندی‌یه‌كان له نێوان توركیا وكورده‌كانی عیراقدا، ئه‌ویش هاوكاری كردنه له دژی تیرۆر. نزیكه‌ی 5000 سه‌رهه‌ڵداوی په‌كه‌كه ئه‌وانه‌ی له‌ساڵی 1984 وه جه‌نگیان له دژی سوپای توركیا ده‌ست پێ كردووه، له سه‌ر چیاكانی باكوری عیراق بنکه‌یان هه‌یه. په‌که‌که که له‌سه‌ر لیستی ڕێکخراوه تیرۆرستیه‌کانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکایه، دوای پـێنج ساڵ له هێمنی ده‌ستیان به‌هێرشه‌كانیان له دژی هێزه‌كانی حكومه‌ت له ناوچه‌كانی باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا کردۆته‌وه که زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی کوردن.
حازم حازمی سیاسه‌تمه‌داری كوردی توركیا پـێی وایه كورده‌كانی عیراق ده‌توانن ڕۆڵێـكی گرنگ له دانوستاندنه‌کانی نێوان حكومه‌تی توركیا و په‌که‌که‌دا ببینن. وه‌كو زۆربه‌ی سیاسه‌تمه‌دارانی كوردی توركیا، به‌ڕێز حازم پـێی وایه باشترین ڕێـگه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی په‌كه‌كه ئه‌وه‌یه حكومه‌تی توركیا لێبوردن بۆ سه‌رهه‌ڵداوانی په‌كه‌كه ڕابگه‌یه‌نێت.
له مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2005 دا، ئه‌مری تانه‌ر سه‌رۆكی ده‌زگای زانیاری نه‌ته‌وه‌یی توركیا سه‌ردانی كوردستانی عیراقی كرد و له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌سعود به‌رزانی كۆبۆ‌وه و هه‌ردوولا گفتوگۆیان له سه‌ر چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی په‌كه‌كه كرد. به‌ڵام ئه‌ندامانی ده‌زگای ئاسایشی توركیا کرداری له‌شکری دژ به په‌که‌که په‌سه‌ند ده‌كه‌ن.
به‌ڕێز حازم ڕه‌خنه‌ی گرت و گوتی زیاتر له بیست ساڵه حكومه‌تی توركی له له‌ناوبردنی په‌كه‌كه شکستی هێناوه و ئه‌گه‌ر توركیا ده‌یه‌وێت چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد بکات ئه‌وا ده‌بێت ڕێـگه‌ی دیكه بدۆزێته‌وه.