Accessibility links

له میانه‌ی ڕووداوه‌ توند و تیژییه‌ نوێیه‌كانی عێراقدا 50 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌


نزیكه‌ی 50 كه‌س له میانه‌ی شه‌پۆلێكی نوێی هێرشه‌كان له به‌غدا و شاره‌كانی باكوری پایته‌ختی عێراقیدا كوژراون و ئه‌مه‌ش به‌ خراپترین ڕووداوی توندوتیژی داده‌نرێت له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانتارییه‌كانی پانزده‌ی دیسه‌مبه‌ر له سه‌رانسه‌ری ووڵاتدا به‌ڕێوه‌چوو.

له ئاكامی ئه‌و هێرشه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له شارۆچكه‌ی مقدادییه‌ی دووری 100 كم له باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدا ڕوویدا 30 كه‌س كوژراون كاتێك هێرشبه‌رێكی خۆكوژ له نێو پرسه‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی شیعه‌كاندا خۆی ته‌قاندۆته‌وه و ده‌یان كه‌سی دیكه ‌بریندار بوون.

له باشوری به‌غداش، ئۆتۆمبیلێك ته‌قیوه‌ته‌‌وه‌ و بۆته‌ هۆی كوشتنی به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ حه‌وت كه‌س. له ئه‌نجامی ڕووداوی جودای تریش له شوێنه‌كانی دیكه‌ی ده‌وروپشتی پایته‌خت، ده‌سه‌ڵاتداران گیان له‌ده‌ستدانی به لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ دوانزده‌ كه‌سی دیكه‌یان ڕاگه‌یاندووه‌.

هاوكات، پۆلیس ده‌ڵێت یاخیبوان هێرشیان كردۆته‌ سه‌ر كاروانێكی تانكه‌ری نه‌وت له باكوری به‌غدا و به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ گڕییان به‌رداوه‌ته‌ یه‌ك تانكه‌ر.

له‌ ڕووی به‌ره‌وپێشچوونه سیاسیه‌كانیشه‌وه‌، ڕێبه‌رانی كوردی گوتویانه‌ گه‌یشتونه‌ته‌ سه‌ودایه‌ك له‌گه‌ڵ پارتێكی سه‌ره‌كی عه‌ره‌به‌ سونه‌كان ( به‌ره‌ی ته‌وافوقی عێراقی) بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی فره‌لایه‌ن. جێی باسه‌، ڕێبه‌رانی كورد و شیعه‌كان له هه‌فته‌ی ڕابردوودا ووتوێژی هاوشێوه‌یان ئه‌نجامدا.

XS
SM
MD
LG