Accessibility links

بالیۆزی ئه‌مریكا له عیراق سه‌ره‌دانی كوردستان ده‌كات


بالیۆزی ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له عیراق رێزدار زه‌لمای خه‌لیلزاد پاش نیوه‌رۆی ئه‌مرۆ شه‌ممه گه‌یشته هاوینه‌هه‌واری سه‌لاحه‌دین له پارێزگای هه‌ولێر و له‌گه‌ل سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی عیراق رێزدار مه‌سعود بارزانی كۆبۆوه.

سه‌باره‌ت به‌م سه‌ره‌دانه، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عیراق رێزدار هوشیار زێباری رایگه‌یاند كه ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ی له میانه‌ی دوو رۆژی داهاتوودا ئه‌نجام ده‌درێن له‌گه‌ل بالیۆزی ئه‌مریكا له لایه‌ن به‌رێزان جه‌لال تاله‌بانی و مه‌سعود بارزانی بۆ سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانی كوردستان زۆر گرنگن.

زێباری ڕوونی كرده‌وه كه سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانی كوردستان له میانه‌ی ئه‌و كۆبونه‌وانه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر رۆڵی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان له حكومه‌تی داهاتووی عیراق و هه‌لوێستی لیسته‌كه له هاوپه‌یمانیه‌كانی داهاتوو دیار ده‌كات.

شایانی باسه بریاره به‌یانی یه‌كشه‌ممه له هاوینه‌هه‌واری دوكان كۆبونه‌وه‌یه‌كی فراوانتر ئه‌نجام بدرێت كه سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و سه‌رۆكی عیراق جه‌لال تاله‌بانی ئاماده‌ی ده‌بێت.

XS
SM
MD
LG