35 گروپی سیاسی عێراقی بریتی له لایه‌نی عه‌ره‌بی سونه و عه‌ره‌بی شیعه، ئاکامه سه‌ره‌تاییه‌کانی هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانتارییه‌کانیان ڕه‌ت کردۆته‌وه.
ئه‌و 35 گروپه ڕۆژی پێنج شه‌ممه به‌یاننامه‌یه‌کی هاوبه‌شیان ڕاگه‌یاند و داوای لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌ییان ده‌رباره‌ی ئه‌و فڕۆفێڵانه کرد که باوه‌ڕ ده‌که‌ن له هه‌ڵبژارنه‌کاندا کرابن. هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کی عه‌ره‌بی سونه‌کان و به‌ره‌ی شیعه عه‌لمانیه‌کان که سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشوو ، ئه‌یاد عه‌لاوی، سه‌رۆکایه‌تی ده‌کات یه‌کێک بوون له‌و لایه‌نانه‌ی دژی ئاکامه‌کانن.
ئاکامه سه‌ره‌تاییه‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی پانزده‌ی دیسه‌مبه‌ر سه‌رکه‌وتنی هاوپه‌یمانی سه‌ره‌کی شیعه‌کانی نیشانداوه.
له لایه‌کی دیکه، وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریکا ، دۆناڵد ڕامسڤڵد سه‌ردانێکی کتوپڕی به‌غدای کردووه تاوه‌کو له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی عێراق و سه‌ربازه ئه‌مریکیه‌کاندا کۆببێته‌وه. به‌ڕێز ڕامسڤڵد به ڕۆژنامه‌وانانی ڕاگه‌یاند عێراق به ساتێکی زۆر گرنگدا تێپه‌ڕ ده‌بێت به تایبه‌تی له کاتێکدا که حکومه‌تێکی نوێ پێک ده‌هێنێت و ئه‌م حوکمه‌ته‌ش تاوه‌کو چوار ساڵی دیکه حوکمی ووڵات به‌ڕێوه ده‌بات. دۆناڵد ڕامسڤڵد گوتی ئه‌مریکا ده‌یه‌وێت ئه‌و که‌سانه ده‌سه‌ڵات وه‌ربگرن که عێراق به یه‌کگرتوویی ده‌هێڵێته‌وه و پارچه پارچه‌ی ناکات.
هاوکات له ئه‌نجامای ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێک ڕۆژی پێنج شه‌ممه له به‌غدا، سه‌ربازێکی ئه‌مریکی کوژراوه.