Accessibility links

سه‌دام شایه‌تیدانی که‌سێکی هێناوه‌ته‌ ژێر پرسیار


حه‌وته‌م ڕۆژی دادگای کردنی سه‌دام حوسه‌ین ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ له به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو. دوو که‌س شایه‌تی خۆیاندا و تاوانباران و پارێزه‌ره‌کانیان هه‌ڕه‌شه‌ی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یان له دادگا کرد.

له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی دادگایی کردنه‌که‌دا، سه‌دام حوسه‌ین دیسانه‌وه‌ باسی ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی کرد که‌ له شکری له کاتی گرتنیدا کردویانه‌ته‌ سه‌ری و گوتی کۆشکی سپی ده‌رباره‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژیکردنانه ڕاست ناڵین. هه‌روه‌ها سه‌دام گوتی ئه‌مریکا نه‌یتوانی چه‌کی کۆمه‌ڵکوژ له عێراقدا بدۆزێته‌وه‌.

ئه‌م قسانه‌ و توڕه‌بوونی سه‌دام دوای شایه‌تدانی که‌سێک هات که گوتی براکه‌یی و باوکی له ژێر ده‌ستی هێزه‌کانی ئاسایشی سه‌دامدا له ساڵی 1982 دا کوژراون پاش ئه‌وه‌ی هه‌وڵێکی سه‌رنه‌که‌وتووانه‌ بۆ کوشتنی سه‌رۆکی پێشووی عێراق درا.

پاشان له دادگایی کردنه‌که‌دا، هه‌ندێ له لێپرسراوانی دادوه‌ری هه‌ڕه‌شه‌ی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یان له دادگاکه‌ کردووه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو سه‌رۆکی پێشووی ده‌زگای زانیاری عێراق که خۆی زڕبڕای سه‌دامیشه‌، به‌رزان تکریتی، ڕێگه‌ی پێ بدرێت به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت له هێرشکردنه سه‌ر دادگا و شایه‌ته‌‌کانی. هاوکات، تکریتی گوتی لێپرسراوانی دادوه‌ری درۆزنن.

ڕه‌وشی دادگاکه‌ گه‌یشته ئه‌و ڕاده‌یه‌ی که‌ تیمی پارێزه‌رانی سه‌دام و ده‌سته‌ و پێوه‌نده‌که‌ی و سه‌دام و سیان له تاوانباره‌کان هه‌ستانه سه‌ر پێ و هه‌ڕه‌شه‌ی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یان له دادگا کرد. پاسه‌وانه‌کانی دادگاش له تاوانباران نزیک بونه‌وه‌ و دادوه‌ری دادگا داوای له تاوانباران کرد دابنیشن.

XS
SM
MD
LG