دادگایه‌كی شاری هه‌ولێر حوكمی 30 ساڵ زیندانی به سه‌ر دكتۆر كه‌مال سه‌ید قادر داوه به تاوانی ناشرین كردنی ناوبانگی خه‌ڵكی له چه‌ند گوتارێكی نوسراودا كه له ڕیگه‌ی ئنته‌رنێته‌وه بڵاوی كردۆته‌وه.
دكتۆر كه‌مال خۆی ئێستا ووڵاتی نه‌مسایه و له میانه‌ی سه‌ردانێكدا بۆ كوردستانی عێراق له كۆتایی مانگی ئۆكتۆبه‌ردا ده‌ستگیر كرا. هه‌ندێ له ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤی نێونه‌ته‌وه‌یی داوایان له ده‌سه‌ڵاتدارانی كوردی كردووه ئازادی بكه‌ن.
زۆربه‌ی گوتاره‌كانی دكتۆر كه‌مال له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی " كوردش میدیا" بڵاوكراوه‌ته‌وه. دكتۆر ڕێبوار فه‌تاح ، سه‌رۆكی ماڵپه‌ره‌كه له میانه‌ی گفتوگۆیه‌كدا بۆ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا گوتی زیندانی كردنی دكتۆر كه‌مال سه‌رپێچی كردنه له مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی ده‌ربڕین.
له میانه‌ی گفتوگۆیه‌كی تردا بۆ به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا، دكتۆر موحه‌ممه‌د ئیحسان وه‌زیری مافی مرۆڤی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان - ئیداره‌ی هه‌ولێر- داكۆكی له بڕیاره‌كه‌ی دادگا كرد و گوتی چه‌ند جارێك دكتۆر كه‌مال هۆشداری كراوه‌ته‌وه له‌وه‌ی كه گوتاری له‌و شێوه‌یه بڵاو نه‌كاته‌وه‌و له‌سه‌ر ئنته‌رنێت ناوبانگی كه‌س خراپ نه‌كات.
دكتۆر ئیحسان ده‌ڵێت ده‌ستگیركراوی ناوبراو هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی عێراقی و نه‌مساوییه و به پێی یاسای عێراقی ئه‌م حوكمه‌ی به‌سه‌ردا دراوه. به پێی د. موحه‌ممه‌د ئیحسان، پێداویستیه سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ دكتۆر كه‌مال له زینداندا دابین كراوه كه ده‌ڵێت هه‌ندێ كێشه‌ی ته‌ندروستی له‌شی و سایكۆلۆجی هه‌یه.
بۆ گوێگرتن له درێژه‌ی ئه‌و گفتوگۆیانه، تكایه كلیكی ئه‌و ئۆدیۆ فایلانه‌ی لای سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بكه.