Accessibility links

پرۆسه‌ی ده‌نگدان له هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانتارییه‌کانی عێراقدا به‌ شێوه‌یه‌کی خێرا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت


پرۆسه‌ی ده‌نگدان له هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانتارییه‌کانی عێراقدا به‌ شێوه‌یه‌کی خێرا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ته‌نانه‌ت له‌و پارێزگایانه‌ی که زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌کانیان موسوڵمانی عه‌ره‌بی سوننه‌ن و یاخیبوانی لێیه‌.

عه‌ره‌به‌ سونه‌کانی عێراق به‌شداری هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانتارییه‌کان بۆ پێکهێنانی ئه‌نجومه‌نێکی نیشتمانی کاتی مانگی یه‌کی ڕابردووییان نه‌کرد.

هه‌ر به‌ کردنه‌وه‌ی بنکه‌ی ده‌نگدانه‌کان له عێراق، ژماره‌یه‌ک ڕووداوی توند و تیژی ڕوویاندا. پاسه‌وانێکی نه‌خۆشخانه‌یه‌کی شاری موسڵ له ئاکامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێک له نزیک بنکه‌یه‌کی ده‌نگدان گیانی له ده‌ستدا.

له نزیک ژماره‌یه‌ک بنکه‌ی ده‌نگدان له شاری رومادی و تکریت، بۆمب ته‌قیوه‌ته‌وه، هه‌روه‌هاش موشه‌‌ک و هاوه‌ن بۆ ناوچه‌ی گرین زۆون له به‌غدا هه‌ڵدراوه‌. به‌ڵام که‌وتنه‌وه‌ی هیچ قوربانیه‌ک له‌م هێرشانه‌وه‌ ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.

بۆ مه‌به‌ستی پاراستنی ڕه‌وشی ئاسایش له‌ ڕۆژی ده‌نگدانیشدا، ده‌یان هه‌زار سه‌رباز و پۆلیسی عێراق به پشتگیری له‌شکری ئه‌مریکی له سه‌رانسه‌ری ووڵاته‌که‌دا بڵاوبونه‌ته‌وه‌.

ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن ئه‌وان باوه‌ڕ ده‌که‌ن 10 ملیۆن عێراقی به‌شداری ده‌نگدانه‌کان بکات. بڕیاره‌ بنکه‌کانی ده‌نگدان کاتژمێر 5:00 ی ئێواره‌ به‌ کاتی ناوخۆ دابخرێت، به‌ڵام هاوکات ڕاده‌گه‌یه‌نرێت که له‌ به‌ر زۆری ژماره‌ی به‌شداربوان، ماوه‌ی ده‌نگدان تاوه‌کو کاتژمێر 6:00 ی ئێواره‌ درێژ بکرێته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG