Accessibility links

له‌گه‌ڵ هاتنی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی پێرۆز،  یاخیبوان كاری توند و تیژی ئه‌نجام ده‌ده‌ن


پاش نیوه‌ڕۆی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، ئۆتۆمبیلێك له شاری كه‌ركوك ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و له ئه‌نجامدا دوو كه‌س گیانی له‌ده‌ستداوه‌ و هه‌شت كه‌سی دیكه‌ برینداربوون كه باوه‌ڕده‌كرێت حاڵه‌تی دوان له برینداره‌كان له مه‌ترسیدا بێت.

یه‌كێك له برینداره‌كان كورده‌ و ئه‌وی دیكه‌یان ئاشورییه‌.‌ باوه‌ڕده‌كرێت ئامانجی ئه‌م هێرشه‌ كاروانێكی هێزی هاوپه‌یمانان بووبێت كه ماوه‌یه‌كی كورت پێش ڕوودانی ته‌قینه‌وه‌كه‌ به‌و ناوچه‌یه‌دا تێپه‌ڕیوه‌.

ئۆتۆمبیلێكی بۆمب چێنراو له ده‌ره‌وه‌ی مزگه‌وتێكی شیعه‌كان له شارۆچكه‌‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا بۆته‌ هۆی كوشتنی به‌ لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ 20 كه‌س و برینداربوونی ده‌یان كه‌سی دیكه. پۆلیسی عێراقی له شارۆچكه‌ی موسه‌یه‌ب ده‌ڵێت ئه‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ هه‌ر له پاش كاتی به‌ربانگی دوا ڕۆژی مانگی پیرۆزی ڕه‌مه‌زان هات.

هاوكات، له‌شكری ئه‌مریكی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر هۆكاری كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی هه‌لیكۆپته‌رێكی ئه‌مریكی ده‌كات كه له نزیك شاری رومادی خۆرئاوای عێراق كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و بووه هۆی كوشتنی دوو مارینزی ئه‌مریكی.

له ڕۆژی سێشه‌ممه‌شدا، مارینزێكی تری ئه‌مریكی و كه‌شتیوانێكیش له ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێك له شاره‌كه‌دا گیانیان له ده‌ستدا. هه‌روه‌ها فڕۆكه‌كانی له‌شكری ئه‌مریكی بۆمبارانی ژماره‌یه‌ك له حه‌شارگه‌كانی گومانلێكراوه تیرۆرستانه‌كانیان له ناوچه‌ی حه‌سیبه‌‌ كرد و به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ ڕێبه‌رێكی باڵای ئه‌لقاعیده‌ گیانی له‌ده‌ستدا.

XS
SM
MD
LG