پاكستان ژماره‌ی قوربانیه‌كانی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی مانگی ڕابردوویان بۆ زیاتر له 73,276 كه‌س به‌رز كردۆته‌وه.
سه‌رۆكی هه‌ڵمه‌ته فریاگوزارییه‌كانی پاكستانیش، ژه‌نه‌ڕاڵ فاروق ئه‌حمه‌د خان ڕۆژی چوارشه‌ممه گوتی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی هه‌شتی مانگی ئۆكتۆبه‌ر 69 هه‌زار كه‌سیشی بریندار كرد.
ڕۆژی سێشه‌ممه، كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت ژماره‌ی مردووه‌كانیان به 57،600 كه‌س له قه‌ڵه‌مدا كه باوه‌ڕده‌كرێت زۆربه‌ی قوربانیه ناونوسراوه‌كان خه‌ڵكی ناوچه‌ی كشمیری ژێرده‌ستی پاكستان بن. ژه‌نه‌ڕاڵ خان هیچ هۆیه‌كیشی بۆ ئه‌و زیادبوونه زۆره‌ی ژماره‌ی قوربانیه‌كان نه‌دا، به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی پاكستانی ده‌ڵێن له‌وانه‌یه ئه‌م ژماره‌یه زیاترێكیش به‌رز ببێته‌وه.
هاوكات، له‌شكری ئه‌مریكی ڕایگه‌یاندووه كه‌وا ده‌ست به ناردنه‌وه‌ی هه‌لیكۆپته‌ره فریاگوزارییه‌كان بۆ باكوری پاكستان ده‌كاته‌وه، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش ڕۆژێك پاش گڕتێبه‌ربوونی هه‌لیكۆپته‌رێكی ئه‌مریكی هات.
ڕۆژی سێشه‌ممه گومانلێكراوێك موشه‌كێكی بۆ هه‌لیكۆپته‌رێكی هه‌ڵگری كه‌لوپه‌لی فریاگوزاری ئه‌مریكی هه‌ڵداو و باوه‌ڕده‌كرێت هیچ قوربانیه‌ك یاخود بریندارییه‌كی لێ نه‌كه‌وتبێته‌وه.