كاربه‌ده‌ستانی عێراقی ده‌ڵێن ڕۆژی پێنج شه‌ممه له ئه‌نجام پێكدادانێكی نێوان یاخیبوانی عه‌ره‌بی سونه‌كان و پۆلیس و چه‌كداره شیعه‌كان له باشوری به‌غدا، 19 كه‌س كوژراون.
له نێو مردووه‌كاندا، دوانیان ئه‌فسه‌ری پۆلیس بوون و 17 كه‌سه‌كه‌ی تریش ئه‌ندامی له‌شكری مه‌هدی سه‌ر به مه‌لای ڕادیكاڵی شیعه‌كان موقته‌دا ئه‌لسه‌در بوون. كاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن شه‌ڕ و پێكدادانه‌كه كاتێك ده‌ستی پێكرد كه ژماره‌یه‌ك له چه‌كداره شیعه‌كان به یارمه‌تی پۆلیس هه‌وڵی ڕزگاركردنی یه‌كێك له ئه‌ندامه‌كانیانداوه كه له لایه‌ن یاخیبوانه فڕێندراوه.
ئه‌م پێكدادانه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌وڵی گروپه سیاسیه‌كانی عه‌ره‌به سونه‌كان، شیعه‌كان و كورده‌كان بۆ پێكهێنانی هاوبه‌ندی تایبه‌ت به گروپه‌كانی خۆیان پێش دوا مۆڵه‌تی دانراو بۆ خۆناونوس كردن له هه‌ڵبژارنه په‌رله‌مانتارییه‌كانی مانگی دوانزده‌ی داهاتوودا.
له ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا، سێ گروپی عه‌ره‌بی سونه‌كان هاوبه‌ندییه‌كیان پێكهێنا و ڕاپۆرته هه‌واڵیه‌كان باس له شیعه‌كانیش ده‌كه‌ن كه نزیك بونه‌ته‌وه له گه‌یشتن به ڕێكه‌وتنێك له‌سه‌ر چۆنێتی به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا. لایه‌نی كورده‌كانیش گوتویانه ئه‌وان هه‌روه‌كو هه‌مان شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشووی مانگی یه‌كی ڕابوردوو به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی دوانزده ده‌كه‌ن.