Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: دکتۆر مەغدید سەپان


دکتۆر مەغدید سەپان
دکتۆر مەغدید سەپان

لە پاش ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991ی باشوری کوردستانەوە ژمارەیەکی زۆر زانکۆ لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کراونەتەوە، هەر یەک لەو زانکۆیانەش هێندەی توانایی خۆی هەوڵی داوە خوێندنێکی ئەکادیمیاییانە بۆ خوێندکارەکانی دابین بکات لە بەشە جیاجیاکانیاندا.

ئێستا لە زۆرێک لە زانکۆکاندا بەشێکی تایبەت بۆ ڕاگەیاندن (میدیا) کراونەتەوە و ژمارەیەکی بەرچاو خوێندکار تیایدا دەخوێنن، هەندێکیان بە ئەزموونی ڕۆژنامەوانییەوە چوونەتە ئەو بەشانە و هەندێکیشیان لەوانەیە هەر تەنها وەک هەبوونی بڕوانامەیەک لێی بڕوانن، یان خوێندنە و دەبێت تەواو بکرێت.

خوێندکاریش هەن پاش ئەوەی لە بەشی ڕاگەیاندن وەردەگیرێن، ئەوجا تێگەیشتنیان بۆ کاری ڕۆژنامەوانی پەرە دەسەنێت و نمونەش زۆرن کە ژمارەیەکی بەرچاوی ئەم جۆرە خوێندکارانە بوونەتە ڕۆژنامەوانی دیار و سەرکەوتوو.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر مەغدید سەپان، پسپۆڕی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سەڵاحەدین.

لەم بەشانەی ڕاگەیاندندا ژمارەیەک مامۆستای پسپۆڕ، شانیان داوەتە بەر و دەخوازن لە ڕێی ئەزموونەکانی خۆیان و بابەتە زانستیە میدیاییەکانەوە نەوەیەکی نوێی میدیاکار بەرهەم بێنن.

بەڵام هێشتاش هەم مامۆستاکان و هەمیش خوێندکارەکانی بەشەکانی ڕاگەیەندن هەر یەکە گازەندەی خۆیان هەیە، لەوانە؛ مامۆستایان کەمی سەرچاوەکان و نەبوونی گەشتە زانستییەکان بۆ خوێندکارەکانیان و دەرفەتەکانی کارکردن و دەستێوەردان و کێشەی نەوەی نوێ و نەوەی کۆن و چەندان هۆکاری تریش بە تەگەرە دەزانن لەبەردەم پرۆسەی بە ئەکادیمیایی کردن و هەروەهاش پێگەیشتنی ڕۆژنامەواناندا. خوێندکارانیش گلەیی خۆیانیان هەیە وەک نەبوونی زەمینەیەک بۆ خستنە ڕووی ئەزموونەکانیان، نەبوونی پشتیوانییەکی تۆکمە بۆ هەوڵەکانیان "ڤۆڵتێر" واتەنی تێکشکاندنی جیهانی کۆن و دروستکردنی جیهانی نوێ، ئەو جیاوازیانەی لە بەخشینەوەی خەڵات و پاداشتەکاندا دەکرێن، سنوردارکردنی ئازادییەکانی ڕادەربڕین، دابین کردنی بژێوی ژیان (هێشتا ڕۆژنامەوانی ناتوانێت بژێوی ڕۆژنامەوان دابین بکات)، هتد.

دکتۆر مەغدید سەپان لە کاتی وانە وتنەوەدا لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکاردا لە دەرەوە بەهۆی نەبوونی هۆڵی خوێندنەوە/ ساڵی 2007
دکتۆر مەغدید سەپان لە کاتی وانە وتنەوەدا لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکاردا لە دەرەوە بەهۆی نەبوونی هۆڵی خوێندنەوە/ ساڵی 2007

هاوتەریب لەگەڵ هەبوونی میدیای ئازاددا، ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن، پێوانەیەکی سەرەکین بۆ ئاستی دیموکراسی لە کۆمەڵگەکاندا بە کۆمەڵگەی کوردیشەوە، هەر بۆیە دەکرێت بڵێین، جێی خۆیەتی کۆلیژ و بەشی تایبەت بە ڕاگەیاندن هەبن لە زانکۆ و ئامۆژگاکاندا بۆ برەو دان بە ئەرکەکانی ڕۆژنامەوانی کە یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی ڕۆژنامەوان بەشدارییە لە پێکهێنانی ڕای گشتی و بەرچاو ڕونکردنی وەرگرە، دوور لە هەموو شێوازێکی چەواشەکردن.
کۆلیژ و بەشەکانی ڕاگەیاندن گرنگن بەو مەرجەی وەک ماکیاژێک بۆ ڕوخساری دەسەڵاتێک لێی نەڕوانرێت کە دەنگی ئازاد و ئازادییەکانی تاکە کەس سەرکوت دەکات، یان مەبەست لە هەبوونیان تەنها بۆ جوان نیشاندانی ئەو دەسەڵاتانە بێت.

ئایا خوێندنی ڕاگەیاندن لە زانکۆکاندا دەبێتە مایەی بەرهەمهێنانی ڕۆژنامەوانی پیشەیی؟

ئایا مەرجە ئەوانەی دەرچووی بەشی ڕاگەیاندنن لە زانکۆکاندا ببنە ڕۆژنامەوان؟

بابەتەکانی خوێندن لە بەشەکانی ڕاگەیاندندا لەسەر چ بنچینەیەک دەستنیشان دەکرێن؟

ئایا ئەم بەشانەی ڕاگەیاندن بوونەتە مایەی بەرەوپێشچوونی میدیا لە هەرێمی کوردستاندا؟

(دکتۆر مەغدید سەپان) پسپۆڕی ڕاگەیاندن لە زانکۆی سەڵاحەدین، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (ژیان لە فەرهەنگدا)وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:51 0:00

XS
SM
MD
LG