Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: تورکیا و بۆردومانەکانی شنگال و ڕۆژئاوا


فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد لە شنگال و وەک وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی عێراق دەڵێت لە ئاکامی ئەو هێرشە پێنج پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە و نۆ پێشمەرگەی تریش بریندارن.

هەر هەمان ڕۆژی سێشەممە 25 ی ئەم مانگی چوارە، وەک سەرکردە لەشکرییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایانگەیاندووە 26 فڕۆکەی جەنگی تورکیا بۆ ماوەی یەک کاتژمێر و نیو ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان بۆردومان کردووە کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەشێکی سەرەکی هەسەدەیە. لەو هێرشەشدا زیاتر لە 20 جەنگاوەر گیانیان لەدەستداوە و دەیانی تریش بریندارن.

ئەم هێرشانەی تورکیا وەک سەختییەک لەبەردەم هەوڵەکانی بە سەرکردایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لێی دەڕوانرێت و هەروەها وەک مەترسییەکیش دەبینرێت بۆ زیادبوونی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و ئانکەرەی هاوپەیمانی لە ناتۆدا، لەسەر جەنگاوەرە کوردەکانی سوریا کە بە هێزێکی گرنگ دادەنرێن لە شەڕی دژی جیهادیە تێرۆریستەکانی دەوڵەتی ئیسلامیدا.

میوانی بەرنامە:
کارۆخ خۆشناو، نوسەر و لێکۆڵەر.

لە واشنتۆن، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانییەکی قوڵی دەربڕیوە بەرامبەر ئەو هێرشە ئاسمانیانە و دەڵێت هاوپەیمانانی بە سەرکردایەتیوڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە تورکیا ئەندامە تیایدا، مۆڵەتی ئەو هێرشانەی نەداوە.

مارک تونەر، دەمڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت "ئەو نیگەرانیانەمان ڕاستەخۆیانە خستۆتە بەردەم حکومەتی تورکیا."

لەشکری تورکیا لە ڕاگەیاندنەکەیدا لەسەر ئەو هێرشانە دەڵێت بە مەبەستی ڕێگەگرتن بووە لە پارتی کرێکارانی کوردستان لەوەی چەک بگوێزێتەوە بۆ گەریلاکانی پەکەکە لە ناو تورکیادا، کە بە تێرۆریست ناودێریان دەکات.
وەزارەتی پێشمەرگەش لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕاگەیاندنە نوسراوەکەیدا لە سەر ئەو هێرشانە لۆمەی بوونی پەکەکە دەکات لە ناوچەی شنگال.وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنوسێت "ئەم کێشە و گرفتانە هەموو لە ئەنجامى بوونى پەکەکەیە لەو ناوچەیە و سەرئێشەو گرفتیان بۆ خەڵکى ناوچەکە و هەرێمى کوردستانیش دروستکردووە."

دکتۆر یوسف موحەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکادا، لەگەڵ ئەو جۆرە ڕوانینانەدا نییەو دەڵێت بە پێچەوانەوە ئەگەر هێزەکانی یەپەگە نەبوونایە ئەوا کارەساتی شنگال گورچکبڕ تر و کارەساتبارتر دەبوو.

دکتۆر جەبار قادر
دکتۆر جەبار قادر

. ماوەیەکی زۆرە قسە و باس لە سەر هێرشکردنی تورکیا هەن و بە ڕای زۆرێکیش لە چاودێر لەوانە دکتۆر جەبار قادر، پسپۆڕی کاروباری سیاسی تورکیا لە وتووێژێکەیدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکائاماژە بەوە دەکات کە دەشێت ئەو بۆردومانانە سەرەتایەک بێت بۆ شەڕێکی گەورەتر لەو دەڤەرانە.

دکتۆر جەبار دەڵێت بەشێکی ئەو هێرشە وەک پرۆڤەیە تا تورکیا بزانێت لە داهاتوودا دەتوانێت چی بکات و بەشێکی تریشی تاقیکردنەوەی کاردانەوەکانە؛ ئایا کورد کاردانەوەی چی دەبێت هاوپەیمانان کاردانەوەی چی دەبێت.

ئەگەری ئەو شەڕە وەک دکتۆر جەبار دەڵێت ئەگەرێکی کراوەیە و بە دووریش نازانرێت لە ئاوەها ڕەوشێکدا بارودۆخی ناو هەرێمی کوردستان بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر بڕوات و دەشڵێت بەڵام پێناچێت شیعەکانی عێراق ببنە بەشێک لەو شەڕە.

دکتۆر جەبار دەڵێت هێزە شیعەکان لە ئەگەری شەڕدا بێدەنگی هەڵنابژێرن بەڵام لە گۆڕەپانی شەڕدا ناتوانن کاریگەرییەکی ئەوتۆیان هەبێت و دەشڵێت مەترسی لەوەدایە لە ئەگەری ئەو هێرشەدا باری سیاسی هەرێمی کوردستان لەوەی کە ئێستا هەیە زیاتر ئاڵۆزبێت.

حکومەتی عێراقیش ئەم هێرشانەی تورکیا بە پێشێلکاری سەروەری خاک و ئاسمانی وڵاتەکە ناودێر دەکات و دەشڵێت ئەو هێرشانە چارەسەر نین بەڵکو ئاڵۆزکردنی ڕەوشەکەیە.

چاودێر ئەم جۆرە ڕاگەیاندنانەی عێراقیەکان بە بەشێک لە ململانێی نێوان جەمسەرەکانی شیعە و سوننە لێکدەدەنەوە.

زانیاری زیاتر لە دەقی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا)یە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:28:21 0:00

XS
SM
MD
LG