Accessibility links

دکتۆر جه‌بار قادر: ئه‌و ریفراندومه‌ له‌ بارێکی زۆر نا دیمۆکراسیدا به‌رێوه‌ چوو

  • Jani Diylan

Dr. Jabar Kadir

هه‌ر وه‌کو بینیمان له‌ ده‌نگدانه‌کانی دوێنی 16 ئاپریلی تورکیادا له‌سه‌ر ده‌ستوره‌ نوێه‌که‌ی، AKP و ئه‌ردوگان به‌ رێژه‌یه‌کی که‌م بردیانه‌وه‌ و ئیتر ئه‌و بردنه‌وه‌ رێگا خۆش ده‌کات بۆ ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانره‌وایی تاکه‌ که‌سی ئه‌ردوگان له‌ تورکیادا.

ئاخۆ ئه‌ردوگان پاش بردنه‌وه‌ و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بێ چه‌ند وچونه‌، رێگایه‌کی هاماری له‌ پێشدایه‌ یان رێگایه‌کی هه‌وراز؟

دکتۆر جه‌بار قادر لێکۆله‌ر و شاره‌زای کاروباری تورکیا و رۆژهه‌ڵاتی ناڤین له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێکدا له‌گه‌ڵ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا ده‌ڵێت " پێم وایه‌ ئه‌وه‌ سه‌رکه‌وتنێکی زۆر لاواز بوو، ئه‌وه‌ی ئه‌ردوگان چاوه‌روانی ده‌کرد به‌ راستی زۆر له‌وه‌ زۆرتر بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێیم وایه‌ زۆر دڵگرانه‌ به‌و ئه‌نجامه‌ چونکه‌ ئه‌مه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی ناداتی پرۆژه‌ گه‌وره‌کانی له‌ داهاتوودا جێ به‌ چی بکا وه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ ته‌مای بوو رووێ نه‌دا، ئه‌مه‌ ره‌نگ بێ کێشه‌کان وه‌کو جاران کۆسپ و ته‌گه‌ره‌کان له‌به‌رده‌میا بێت، هه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ دوێنیه‌وه‌ جارێکی تر ده‌ست به‌ هه‌ره‌شه‌کانی کرد بۆ سه‌ر نه‌یاره‌کانی و ئه‌و وڵاتانه‌ی گوایه‌ ده‌یانه‌وێ ده‌ست بخه‌نه‌ کاروباری تورکیا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێیم وایه‌ رێگایه‌کی زۆر سه‌ختی له‌ پێشدایه‌".

دکتۆر جه‌بار هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێت " رنگ بێ ئه‌گه‌ر رێبه‌رانی HDP له‌ ده‌ره‌وه‌ بوایان ده‌رئه‌نجامه‌کان به‌ جۆرێکی تر بوایه‌، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌شێکه‌ له‌ وێنه‌ گشتیه‌که‌، ئه‌و ریفراندومه‌ که‌ بۆ خۆێ وه‌کو ده‌ڵێ کرده‌ویه‌کی دیمۆکراسیه‌ به‌ڵام له‌ بارێکی زۆر نا دیمۆکراسیدا هاته‌ کایه‌وه‌، به‌ هۆێ ره‌وشی نه‌ ئاسایی، ده‌ستگیرکردنی ئه‌و هه‌موو خه‌ڵکه‌ به‌ سه‌رکرده‌کان و گه‌لێک له‌ کادیره‌کانی هه‌ده‌په‌، به‌ بێده‌نگ کردنی ئه‌و میدیایانه‌ی که‌ له‌ ژێر کۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تدا نییه‌، واته‌ هیچ هاوسه‌نگیه‌ک نه‌بوو له‌ به‌رێوه‌بردنی کامپه‌ینه‌کاندا".

دکتۆر جه‌بار ده‌شڵێت " ئه‌وروپییه‌کان باسی ئه‌وه‌یان کردووه‌ ئه‌وه‌ی که‌ ئێستا راگیراوه‌ گفت و گۆه‌کانی به‌ ئه‌ندامبوونی تورکیا به‌ یه‌کجاری وه‌کو ده‌ڵی بپچرێته‌وه‌ و ئیتر باسی نه‌کرێ، ئه‌ردوگان بۆ خۆێ به‌ره‌و ئه‌وه‌ ئه‌روا به‌ تاێبه‌تی له‌ باسکردنی مه‌سه‌له‌ی سزای له‌ سێداره‌دان، پێیم وایه‌ ئاڵۆزیه‌کان زیاتر ئه‌بن له‌ نێوان هه‌ردوولادا، هه‌رچه‌ند وڵاتانی ئه‌وروپا ئه‌وه‌شیان راگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌وان هه‌تا رۆژی ریفراندوم چاوه‌روان ده‌بن، له‌ دووای ریفراندوم سه‌یر ئه‌که‌ن ئایا ئه‌ردوگان به‌ هه‌مان شێوه‌ی رابوردوو هه‌ر په‌لاماریان ئه‌دا یان تۆنه‌که‌ی ده‌گۆرێ و به‌ زمانێکی تر قسه‌ ده‌کا".

XS
SM
MD
LG