Accessibility links

ژمارەی کوژراوەکان بەهۆی هێرشەکەی ئەمەریکا لە ئەفغانستان زیاد دەکات


کاربەدەستێکی ئەفغانی ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند ژمارەی ئەو ملیتانانەی کە بەهۆی هێرشە بۆمبێکەی ئەمەریکا بۆ سەر ئەفغانستان کوژراون گەیشتۆتە 94 کەس.

عەتاوڵا خۆگیانی، گوتەبێژی حکومەتی خۆجێیی نانگەرهار ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوەکانی داعش پێشتر بە 36 کەس ڕاگەیەندرابوو. کاربەدەستێکی وەزارەتی بەرگری لە ڕۆژی هەینی گوتی ڕەنگە ژمارەی کوژراوەکان زیاتر بکات لە کاتێکدا کاربەدەستان زیاتر لە ناوچەی ئەچین ئەو شوێنەی کە بۆمبەکەی بەرکەوتووە لێکۆڵینەوە دەکەن.

خۆگیانی گوتیشی خۆشبەختانە کوژرانی هیچ کەسێکی سیڤیل ڕانەگەیەندراوە لەو هێرشەدا.

خۆگیانی گوتیشی بۆمبەکەی ئەمەریکا کە کۆمەڵە تونێلێـکی داعشی لە ڕۆژهەڵاتی هەرێمی نانگەرهار نزیک سنووری پاکستان کردە ئامانج بەلایەنی کەم 4 سەرکردەی داعشیشی کوشتووە.

کاربەدەسـتانی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزیان گوتووە لە سەردەمی براک ئۆباما سەرۆکی پـێشووەوە ئەم جۆرە بۆمبە یەکێک بووە لەو چەکانەی شیانی بەکارهێنانی لە ئەفغانستاندا هەبوو.

ئەو بۆمبەی کە بە دایکی بۆمبەکان ناسراوە نزیکەی 8500 کیلۆگرام ماددەی H6 ی تێدایە کە تەقەمەنیـیەکی بەهێزە و ئەو بڕە یەکسانە بە 11 تۆن لە مادەی .TNT

ئۆفیسی سەرۆکی ئەفغانستان ئەشرەف غەنی ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند هەماهەنگییەکی نزیک هەبووە لە نێوان لەشکری ئەمەریکا و حکومەتی ئەفغانستان لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنە و زۆر بە هۆشیارییەوە ئەنجام دراوە تا خەڵکی سیڤیل لە زیان بپارێزن.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەو بڕوایەدایە 600 بۆ 800 چەکدارانی داعش لە ئەفغانستاندان زۆربەیان لە هەرێمی نانگەرهار. ئەمەریکا شەڕی دژ بە داعش دەکات لە کاتێکدا هاوکاری هێزی ئەفغانستانیش دەکات لە شەڕی دژ بە تالیباندا.

XS
SM
MD
LG