Accessibility links

لە ساڵی 1988 دا بە بڕیاری ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی ئەو کاتەی عێراق هێرشەکانی ئەنفال بە سەرکردایەتی هێزەکانی پاسەوانی کۆماری لە مانگی دوودا دەستیان پێکرد.

29 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەو هێرشانەدا کە 182 هەزار کەسی تیادا کوژران و نزیکەی چوار هەزار گوندی کورد خاپور کران.

عەلی حەسەن ئەلمەجید (عەلی کیمیایی) ئامۆزا متمانە پێکراوەکەی سەدام حوسەین سەرپەرشتی ئەو هێرشانەی دەکرد.

قۆناغی یەکەمی هێرشەکانی ئەنفال شەش مانگێکی خایاند، لەشکری عێراق هەموو جۆرە چەکێکی لەو کردەیەیدا بەکارهێنا لە چەکی کیمیاییەوە تا چەکە سوکەکان، ئامانجەکەش هەر تەنها دەستگیرکردن و کوشتنی مرۆڤی کورد نەبوو، بەڵکو سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و داڕمانی ژێرخانی ئابووری لە ناوچەکانی کوردستاندا بەشێکی تری ئەو هەوڵانەی ڕژیمەکەی سەدام حوسەین بوون.

بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان و لە لێکۆڵەرانیش؛ بە پشت بەستن بەو بەڵگەنامانەی دوای ڕاپەڕینەکەی ساڵی 1991 لە بارەگای عەلی کیمیایی لە شاری کەرکوک دەستیان بەسەردا گیران، حکومەتی عێراق ئامادەکاریشی کردبوو بۆ قۆناغی دووهەم و سێهەمی ئەنفال، بەڵام قوڵبوونەوەی کێشەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لە کەنداوی فارس و بە تایبەتیشکوێت کە دواتر بە شەڕی کوێت و شکستی عێراق کۆتاییهات، وەک یەکێک لە هۆکارەکان بۆ دواخستنی ئەنفالەکانی تر لێی دەڕوانن.

پارتی بەعسی عەرەبی وەک یەکێک لە دڕندەترین پارتە شۆڤینییەکان دەمێک بوو خەریکی داڕشتنی ئەو پیلانەی بووە دژ بە کورد و بە دوور نازانرێت سەرەتاکەی بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەروەختەی خەریکی داتاشینی وێناکردنێکی تایبەت بووبێت بە کورد، بۆ دروستکردنیئەم وێناکردنە جیاوازەی مرۆڤی کورد، بەعس و رژێمەکەشی لە عێراقدا سودێکی زۆری لە ئەزموونەکان و ئایدیۆلۆژیەکانی تۆتالیتارێتی و نازیسم و هەروەها ستالینیزمیش وەرگرتووە.

وێنەی کچێکی ئێزدی، بە کامێرای ڕۆژنامەوان زمناکۆ ئیسماعیل
وێنەی کچێکی ئێزدی، بە کامێرای ڕۆژنامەوان زمناکۆ ئیسماعیل

ڕووداوەکانی شنگال وەک زۆرێک لە لێکۆڵەرەوە جەختی لێدەکەنەوە فۆرم و شێوازێکی تری ئەنفالە لە ژمارەیەک سۆنگەوە، لەوانە هەردوو هێرشەکە بە ئاین پەردەپۆش کراون، هێرشەکان خەڵکی سیڤیلیان کردۆتە ئامانج و لە هەردوو هێرشەکەشدا دەستدرێژی کراونەتە سەر ژنان و کچانی کورد، بێسەروشوێنبوونی هەزاران کەس و تاڵانکردنی ماڵەکان و.....هتد.

میوانی بەرنامە:
دکتۆر هەڵمەت غەریب، پسپۆڕی یاسای نێونەتەوەیی.

بەڵام پاش 29 ساڵ لە هێرشەکانی ئەنفال هێشتاش داوای لێکۆڵینەوەی زیاتر لە دۆسێی ئەنفال دەکرێت، هێشتاش دەگوترێت ببێتە وانەیەک لە خوێندنگاکاندا بە قۆناغە جیاجیاکانیەوە، لە زۆرێکیش لە لێدوانەکانیاندا کەسوکاری ئەنفالکراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن ژیانیان ناهەموارە و ئەو بڕوایەشیان نەشاردۆتەوە و بە ڕاشکاوانە باسی دەکەن فەرمانڕەوایانی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان بەشداربووە کوردەکانی هێرشەکانی ئەنفالیان خستۆتە پێش قوربانیانی ئەنفال و ژیان و گوزەرانی ئەو دەڤەرانەی ئەنفال کراون فەرامۆش کراون.

عومەر موحەمەد
عومەر موحەمەد

(عومەر موحەمەد) سەرنوسەری گۆڤاری ئەنفالستان، هەر لەم بەرنامەیەدا باس لە ڕوانینەکانی خۆی دەکات لەسەر دۆسێی ئەنفال و داواکاری کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال، هەروەهاش ڕۆڵی میدیا لە دۆسێێ ئەنفالدا.

ئایا ئەنفال هەر تەنها کردەیەکی لەشکری بوو بۆ لە ناوبردنی کورد یان هەوڵێکی شۆفینیزمانە بوو بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی؟
ئایا هێشتا مەترسی ئەنفال هەر هەیە لە فۆرمێکی جیاوازدا؟
ئایا دەسەڵاتی کوردی لە باشوری کوردستان توانیویەتی زام و ژانی ئەنفال ساڕێژ بکات؟
ئایا ئەنفال بۆتە پرسێکی نەتەوەیی؟
بۆچی تا ئێستا دۆسێی ئەنفال نەبراوەتە دادگای نێونەتەوەیی لە لاهای؟
(دکتۆر هەڵمەت غەریب) پسپۆڕی یاسای نێونەتەوەیی لە زانکۆی سەڵاحەدین لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا)وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە:

XS
SM
MD
LG