Accessibility links

سەرۆکی ئێران داوای لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەن لەسەر هێرشی کیمیایی لە سوریا دەکات


سەرۆکی ئێران حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی شەممە داوای لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانەی کرد لەسەر هێرشە کیمیاییەکەی ئەم هەفتەیە لە سوریا و هۆشداریشی دا کە هێرشە موشەکییەکانی ئەمەریکا وەکو وەڵامێک بۆ ئەوە مەترسی پەرەسەندنی توندڕەوی لە هەرێمەکە زیاتر دەکات.

لە میانەی وتارێکیدا لە ڕۆژی شەممە ڕۆحانی گوتی" ئێمە داوای پێکهێنانی دەستەیەکی بێلایەنی نێونەتەوەیی بۆ دۆزینەوەی ڕاستیەکان دەکەین، تا بزانن ئەم چەکە کیمیاییانە لە کوێوە هاتوون."

تاران هاوپەیمانی سەرەکی هەرێمی سەرۆکی سوریا بەشار ئەلئەسەدە کە هاوکاری لەشکری و ئابوری لەم شەڕەی دا دژ بە گروپە سەرهەڵداوەکان و ملیتانەکای دەوڵەتی ئیسلامی بۆ دابین دەکات.

ئەمەش لە کاتێدایە کە ئۆپزسیۆنی سوریا دەستخۆشی لە هێرشە موشەکییەکانی ئەمەریکا دەکەن بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی نزیک حومس.

لە تویتێکدا لەسەر هێرشەکانی ئەمەریکا ڕۆحانی گوتویەتی " من داوا لە جیهان دەکەم کە ئەم جۆرە ڕێبازانە ڕەت بکەنەوە کە تەنها دەبنە مایەی وێرانکاری و مەترسی بۆ هەرێمەکەو تەواوی جیهان". ڕۆحانی گوتیشی ئەم هێرشەی ئەمەریکا بۆ سەر بنکەی ئاسمانی شاعرات توندڕەوەکانی هەرێمەکە و تیرۆر بەهێز دەکات لاواز کردنی یاساو ناسەقامگیری لە جیهاندا زیاد دەکات بۆیە پێویستە سەرزنشت بکرێت.

XS
SM
MD
LG