Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستانی عیراق

  • Balen Salih

لە نێوەندی قەیرانە چەقبەستووەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا (سیاسی و دارایی) جارێکی تر بابەتی ڕیفراندۆم بۆ دیاریکردنی چارەنوسی ئەو هەرێمە گەرموگوڕ دەبێتەوە.

لە ساڵی 2005 دا و هاوکاتی هەڵبژاردنە گشتییەکەی عێراق، دەنگدانێکی تری نا فەرمی کرا لەسەر ئەوەی ئایا کورد جیابوونەوەی دەوێت لە عێراق یان لەگەڵ مانەوەدایە، ئەوکات زیاتر لە سەدا نەوت و حەوتی دەنگدەری کورد لەگەڵ جیابوونەوەدا بوو بەڵام سەرکردە سیاسییەکانی کورد بە ئاشکرا و بە ڕاشکاوانە دەیانگوت بە خواستی خۆیان لە بەغدان و هاوبەشن لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقدا.

لە ئێستاشدا بەشێک لە سەرکردەکانی کورد لە عێراقدا دەڵێن کردنی ڕیفراندۆم هیچ پێویستییەکی بە ئامادە سازی و ڕەخساندنی زەمینە نییە و هەر دەبێت بکرێت و جەختیش دەکەنەوە لەوەی لەمساڵی 2017 یەدا ئەو ڕیفراندۆمە چاوەڕوانکراوە دەکرێت. لایەنە سیاسییەکان جیاوازییەکی زۆری ڕوانینیان هەیە لەسەر ئەم پرسی ریفراندۆمە لە هەرێمی کوردستاندا، هەندێکیان لەوبڕوایەدان ئەگەر بێتوو پەرلەمانی هەرێم کارا نەکرێتەوە و ڕێوشوێنی تایبەتی یاسایی بۆ دابین نەکرێت ئەوا لەوانەیە هەر لە سەرەتاوە گومان بکەوێتە سەر تەواوی پرۆسەکە.

میوانی بەرنامە:

دکتۆر سەردار قادر، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان

هەندێکی تریش دەڵێن ئەم ڕیفراندۆمە، گرنگە و هەستیاریشە، بەڵام ئاوەها ڕەوشێکی لێوان لێو لە ناکۆکی سیاسی و نەبوونی هاوڕایی و ئاشتەوایی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا دەشێت کاریگەری نەرێنی هەبێت بەسەر تەواوی پرۆسەکە و کارکردنیش لەسەر ئەنجامەکانی ئەو ڕیفراندۆمە و دەشڵێن ڕیفراندۆم وەک چۆن پرۆسەیەکە ڕەهەندی سیاسییانەی هەیە ئاوەهاش ڕەهەندی یاسایی خۆیی هەیە و ناکرێت ئەو ڕەهەندە یاساییانە فەرامۆش بکرێن.

ڕایەکی تریش هەیە دەڵێت ڕیفراندۆم نە پێویستی بە بڕیاری پەرلەمانە و پێویستیشی بە زەمینە سازیی نییە لەو ڕوانگەیەوەی ئەم پرسە پەیوەندی بە دەنگدانی خەڵکەوە هەیە و خەڵک بڕیار دەدات چیی دەوێت.

دوابەدوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بۆ هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر دامەزراوە حکومەتییەکان، گوڕ و تینێک درایەوە ئەم پرسی ڕیفراندۆمە و کارکردن بۆی.

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە دوو لایەنی سەرەکین لە پرۆسەی سیاسی هەرێمدا سەردانی بەغدا دەکەن وەک دەڵێن بۆ وتووێژکردنە لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لەگەڵ کاربەدەستانی بەغدا، هاوکات لیژنەیەکی هاوبەشی ئەم دوو لایەنە سەردانی لایەنە سیاسییەکانی تری هەرێم دەکەن بۆ باسکردنی ئەم پرسە، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان ئامادە نییە پێشوازی لەو شاندە هاوبەشە بکات.

ئایا بەبێ بڕیاری پەرلەمانی هەرێم ڕیفراندۆم ڕەوایی یاسایی دەبێت؟
ئایا لە زەمینەی پڕ لە ناکۆکی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمدا ڕیفراندۆم و بەرنامەڕێژی بۆ ئایندە دەکرێت؟
ئایا دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان وابەستەی ئەنجامی ڕیفراندۆم دەبێت؟
ئایا دەکرێت ئەنجامی ڕیفراندۆم بەبێ بەشداری دەنگدەرانی ناوچە دابڕێندراوەکان بە هێند وەربگیرێت؟

(دکتۆر سەردار قادر) پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە.

زانیاری زیاتر لە دەقی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا) یە:

XS
SM
MD
LG