Accessibility links

بەهۆی لافاو و ڕۆچوونی زەوی لە کۆلۆمبیا 254 کەس گیانیان لەدەست داوە


کەسوکار و تیمەکانی فریاکەوتن لە باشوری کۆلۆمبیا بەردەوامن لە گەڕان بە دوای قوربانیانی ئەو لافاو و ڕۆچوونی زەویەی ناوچەکەیانی گرتۆتەوە کە هەتا ئێستا بە لایەنی کەم 254 کەسی کوشتووە کە بەشێکیان منداڵبوون. هەروەها سەدان کەسیش برینداربوون و چەندین ناوچە بە تەواوی وێران بوون.

خوان مانۆئێل سانتۆس سەرۆکی کۆلۆمبیا ڕۆژی یەکشەممە دوای ئەوەی سەردانی شارۆچکەی مۆکوای کرد تا لە نزیکەوە چاودێری هەوڵەکانی فریاکەوتن بکات، لەسەر تویتەرەکەی نووسی "بەداخەوە هێشتا ئەمە ژمارەی سەرەتایی قوربانییەکانە. نوێژیان بۆ دەکەین و سەرەخۆشی خۆمان ڕادەگەیەنین و سەرانسەری وڵاتەکە بەشداری غەمی کەسوکاریانە."

سەرۆکی کۆلۆمبیا هۆکاری کارەساتەکەی بۆ گۆڕانی کەش و هەوا گەڕاندەوە، وتی مۆکوا لە شەوێکدا یەک لەسەر سێی ئەو ڕێژە بارانەی لێباری کە لە مانگێکدا لێی دەباری.

سەرۆک سانتۆس سوپاسی چین و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئەمەریکای کرد کە پارەیان بەخشیوە. چین 1 ملیۆن دۆلار و بانکەکە 200 هەزار دۆلار. هەروەها سوپاسی ئەڵمانیا و بەلجیکاشی کرد.

شایەنی باسە بەرەبەیانی شەممە لافاو هەستا لە چەند ڕووبارێکی نزیک مۆکوا و ئاو بە قوڕەوە جادەکانی گرتەوە و ژمارەیەکی زۆری ماڵی برد لەو کاتەی خەڵکەکەی نوستبوون.

خەڵکی خۆبەخش و کارمەندانی فریاکەوتن لە شارۆچکەی ڤیڵاگارزۆن 82 تەرمیان لە شەپۆلی ئاوی لافاوەکە هەڵگرتەوە، دەڵێن هێشتا تەرمێکی زۆر لە نێو داروپەردوی شوێنە وێرانبووەکاندا ماون.

کاربەدەستان دەڵێن زیاتر لە 500 کەس هێشتا لە پەناگە ماونەتەوە و دەزگا خزمەتگوزارییەکان یارمەتی 10 منداڵیان داوە کەسوکاری خۆیان بدۆزنەوە.

کارەساتەکە دوای چەند ڕۆژێک بوو لەوەی بارانێکی زۆر ناوچەکەی گرتەوە و بووە هۆی بڕانی کارەبا و ئاو لە بەشێکی زۆری ناوچەکە.

لەم مانگانەی دوایی باران و لافاوێکی زۆر ناوچەکانی ئەمەریکای باشوری سەر پاسیفیکی گرتەوە، بەهۆیانەوە دەیان کەس لە پێرۆ و ئیکوادۆر گیانیان لەدەستدا.

سەرچاوە/ VOA

XS
SM
MD
LG