هێزە عێراقییەکانی شەڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن لە موسڵ ئەمڕۆ یەکشەممە پلانەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگرتووە هاوکاتی ئەوەی شەڕەکە گەیشتۆتە ناوچەیەکی کە دانیشتوانێکی زۆری لێیە لە بەشە کۆنەکەی شاری موسڵ.
ئەم هەنگاوەی هێزە عێراقییەکان پەیوەندی بە زیانە گیانییەکانی خەڵکی سیڤیلەوە هەیە و وەک باس دەکرێت مەترسی زیاتر کەوتۆتە سەر ژیانی دانیشتوان.
کۆلۆنێڵ عیماد خەلاس بە ئاژانسی دەنگ و باسی ڕۆیتەرزی وتووە "بەڵێ دواخستنێک لە کردە لەشکرییەکەدا هەیە تا بتوانرێت ڕێگەیەکی پارێزراو بۆ خەڵک بدۆزرێتەوە و خۆیان دەرباز بکەن."
لە ئێستادا شەڕەکان ئەو گەڕەکانەی موسڵی کۆنی گرتۆتەوە لە چواردەوری مزگەوتی ئەلنوری؛ ئەو مزگەوتەی ئەبوبەکر ئەلبەغدادی دەوڵەتی خەلافەتی تیادا ڕاگەیاند.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت تەنها لە مانگی ڕابردوودا سەدان کەسی سیڤیل کوژراون و زۆرێکیش لەو کەسانەی خۆیان دەربازکردووە دەڵێن داعش وەک سپەر خەڵکی سیڤیل بەکار دەهێنێت.
بەشێکی دانیشتوانیش شوێنەکانی خۆیان جێنەهێشتووە و دەڵێن وەک پشتیوانییەک بۆ هێزەکانی پۆلیسی فێدراڵی لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە و دەشڵێن پۆلیسی فێدراڵی عیراق نان و خۆردنیشیان بۆ دابین کردوون.