Accessibility links

وەزیری دەرەوەی تورکیا: نزیکەی 50 هەزار پەنابەری سوریایی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی کە تورکیا کۆنترۆڵی کردووە


وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند دەیان هەزار ئاوارەی سوریایی گەڕاونەتەوە ئەو ناوچەیەی کە لەلایەن تورکیاو ئۆپزسیۆنی کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکات کۆنترۆڵ کراوە. هاوکات شەڕڤانە کوردەکانی کە ئەمەریکا پشتیوانیان لێدەکات هێرشەکانیان چڕ کردۆتەوە لە باکوو نزیک شارۆچکەیەکی ژێر دەستی داعش.

لێدوانەکەی مەولود چاوشئۆغڵو سێ ڕۆژ پاش لێدوانێکی سەرۆک وەزیری تورکیا بینالی یەلدەرەم بوو کە گوتی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە لە مانگی هەشت دەستی پێکرد کۆتایی پێهات پاش ئەوەی هێزەکانیان و سەرهەڵداوە هاوپەیمانەکانیان توانیان ناوچە سنووریەکانی نیوان تورکیا و سوریا بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکەن.

چاوشئۆغڵو گوتی نزیکەی 50 هەزار کەس لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە بۆ ئەو ناوچەیەی کە لەلایەن سەربازانی تورکیا و ئۆپۆزسیۆبی هاوپەیمانیانەوە ئازاد کراوە گوتیشی لە کۆتاییدا بەرپرسیارێتی ئاسایشی ئەو ناوچەیە دەدرێتەوە بە دەستی هێزە خۆجەییەکان.

چاوشئۆغڵو ئەم قسانەی لە میانەی سەردانێکیدا بۆ شاری ئیزمیری سەر ڕۆژئاوای تورکیا کرد. گوتیشی " سەربازەکانمان هێشتا لەوێن و پێویستە ئێمە ناوچەیەکی پارێزراو لە تیرۆرست دروست بکەین." ناوبراو گوتیشی هێشتا کاری پێویست ماوە بکرێت تا بەرپرسیارێتی ئاسایش ڕادەستی هێزە خۆجەێیەکان بکرێتەوە.

تورکیا لە مانگی 8 دا هێزی زەمینی ناردە ناو باکوری سوریا بۆ پشتیوانی کردن لە ئۆپزسیۆنی سوریا لە پاککردنەویە ناوچە سنووریەکان لە داعش و بۆ ڕێگەگرتن لە کوردەکان تا خاکی زیاتر بگرنە دەست. لەو کاتەوە دەیان سەربازی تورک کوژراون زۆربەیان لە میانەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەلباب کە ناوچەیەکی پارێزراوی داعش بوو.

لە باکوری سوریاش، ‌هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پشتیوانی هێرشە ئاسمانییەکانی هێزی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا هەوڵ دەدەن دەورو بەری شاری تەبقەی ژێر دەستی داعش بگرن. ئەو شارە نزیکەی 60 کیلۆمەتر دوورە لە ڕۆژئاوای ڕەققەوە کە پایتەختی دیفاکتۆی دەوڵەتی ئیسلامییە.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی سوریایی بنکە لە بەریتانیا دەڵێت داعش دوو ماشێنی بۆمبڕێژکراوی لە میانەی شەڕەکەدا تەقاندۆتەوە و دەشڵێت هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ئێستادا هەوڵی گرتنەوەی ناوچەی سەفسەفێ دەدەن کە وا دەکات بە تەواوەتی دەوروبەری تەبقە بگیرێت.

XS
SM
MD
LG