Accessibility links

میدیای ئەمەریکا: گروپە تیرۆرستەکان بۆمبی ناو لاپتۆپ تاقی دەکەنەوە


دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەمەریکا دەڵێن گروپە تیرۆرستەکان ئەو کەرەستە تەقەمەنیانەیان تاقی کردۆتەوە کە دەشێ لە ناو لاپتۆپ بشاردرێتەوەو بتوانێت لە هەندێک دەزگای پشکنینی ئاسایی فڕۆکەخانەکاندا دەرباز ببێت.

ڕۆژی هەینی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی CNN و CBS ڕایانگەیاند کە کاربەدەستانی موخابەراتی ئەمەریکا پێیان ڕاگەیاندوو ملیتانەکانی ئەلقاعیدەو دەولەتی ئیسلامی (داعش) چەندین ڕێگای پێشکەوتوویان دۆزیوەتەوە بۆ چاندنی تەقەمەنی لە ناو دەزگا ئیلیکترۆنییەکاندا.

ئەو دەزگا هەواڵیانە دەشڵێن گروپە تیرۆرستەکان کەرەستەی پێشکەوتووی پشکنینی فڕۆکەخانەیان بەدەستهێناوە تاوەکو تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن.

ئەوان دەڵێن دەزگای هەواڵگری لە بڕیاری ئەم دواییانەی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ترامپدا ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە بۆ ڕێگەگرتن لەوەی گەشتیاران لە 10 فڕۆکەخانەی 8 وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریکاوە بتوانن لاپتۆپ و یان کەرەستەی تری ئیلیکترۆنیان ببەنە ناو فڕۆکەکەوە.

لە سەرەتای ئەم مانگە حکومەتی ئەمەریکا ڕێگەی گرت لەوەی گەشتیارانی کە دێن بۆ ناو ئەمەریکا لاپتۆپ و دەزگای تری ئیلکترۆنی گەورە لە ناویاندا ئایپاد و کامیراش لەگەڵ خۆیاندا ببەنە ناو فڕۆکەکەوە. ئەم بڕیارەش فڕۆکەخانەکانی میسر، ئوردن، کوەیت، مەغرب، قەتەر، عەرەبستان سعودیە، تورکیا و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی دەگرتەوە. پاشان بەریتانیاش هەمان ڕێبازی گرتەبەر.

گەشتیارانی ئەو هێڵە ئاسمانیانە دەبێت تەلەفۆنەکانیان و کەرەستەکانی تری ئیلکترۆنیان بخەنە ناو بارەوە.

XS
SM
MD
LG