Accessibility links

لەگەڵ ڕووداوەکاندا: کۆمکاری عەرەب و پاراستنی عێراق


کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەب
کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەب

بە ڕاگەیاندنێک کۆمکاری عەرەب کۆتایی بە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی خۆی هێنا کە ڕۆژی چوارشەممە لە شانشینی ئوردون کرا.

لەو ڕاگەیاندنەدا بێ لەوەی کۆمکاری عەرەب یەکپارچەیی و سەقامگیری لە عێراقدا بە بنەمایەکی سەرەکی بۆ ئاسایشی جیهانی عەرەبی دادەنێت.

کۆمکاری عەرەب داوای کشانەوەی دەسبەجێی هێزە سەربازییەکانی تورکیا دەکات لە عێراقدا و هەروەها داواش لە ئێران دەکات دەستێوەردانەکانی لە وڵاتانی عەرەبیدا و هاندان و وروژاندنی ئاینزایی ڕابگرێت.

عێراق لە شەڕێکی قورسدایە لەگەڵ تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیدا و بەشێک لە خاکی ئەم وڵاتە بەشەڕ وێرانبووە لەلایەن داعشەوە داگیرکراوە و خراوەتە سەر ئەو دەوڵەتی خەلافەتەی ئەبوبەکر ئەلبەغدادی ڕایگەیاند.

هێزە ئاسایشییەکانی عێراق توانیویانە ڕووبەرێکی گەورەی خاکە داگیرکراوەکەی ئازاد بکات و لە ڕووی لەشکرییەوە پێشڕەوییەکی بەرچاوی کردووە، بەڵام لەگەڵ سەرکەوتنەکانی لەشکری عێراقدا هەروادێ و کێشە سیاسییەکانی وڵاتەکە قوڵتر و ئاڵۆزتر دەبن، بە ئەندازەیەک کە هێشتاش نازانرێت دەستەواژەی "عێراقی پاش موسڵ" چی دەگەیەنێت.

میوانی بەرنامە:

بەختیار کەریم، نوسەر و لێکۆڵەر

زۆرێک لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە دەڵێن عێراق لە پاش ئازادکردنی شاری موسڵ عێراقێکی نوێیە و باس لە قۆناغێکی نوێ دەکەن لە وڵاتەکەیاندا بەڵام ناڵێن ئەو عێراقە نوێیە چۆنە و جیاوازی چی دەبێت لەگەڵ عێراقە نوێیەکەی پاش ساڵی 2003 و ڕووخاندنی ڕژێمە دیکتاتۆرییەکەی سەدام حوسەین هاتە ئاراوە.

لەوەتای ساڵی 2003 وە دابەشبوونێکی تەواوی ئاینی و ئاینزایی و نەژادی لە عێراقدا دەبینرێت و دەکرێت ناکۆکیە قوڵ و ئاڵۆزەکانی نێوان پێکهاتەکانی عێراق وەک بەڵگەیەک لێی بڕوانرێت بۆ پێکەوەژیانێکی زۆرەملێیی لەو وڵاتەدا.

هەر وەک چۆن هێشتا دیارنییە ئایا داعش لەپاش شکستەکانی لە عێراقدا لە چ فۆرمێکی تردا دەردەکەوێتەوە، ئاوەهاش هێڵە گشتییەکانی ئەو عێراقە نوێیەی پاش موسڵ نادیارن.

کورد لە عێراقدا کێشەی زۆر و هەڵپەسێردراوی لەگەڵ بەغدادا هەیە، ئێستاش بوونی هێزەکانی (حەشدی شەعبی) بە تابەتیش لە ناوچە جێناکۆکەکاندا گرفتێکی ترە و زێد بۆتە سەر ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی زۆرینە شیعەی بەغدا.

لە ڕاگەیاندنی کۆتاییدا کۆمکاری عەرەب دەڵێت یەکپارچەیی و سەقامگیری لە عێراقدا بنەما سەرەکییەکەی ئاسایشی جیهانی عەرەبیە، ئایا عێراق لەم ڕەوشەیدا دەتوانێت دەوڵەتبوونی خۆی بپارێزێت؟
ئایا عێراق هەلومەرجەکانی پێکەوە ژیانی تیادا بەهێزن؟
وەها بڕیار بوو عێراقی نوێ (پاش 2003) عێراقی هەموو پێکهاتەکان بێت، ئایا ئەندامێتی لە کۆمکاری عەرەبدا ڕەتکردنەوەی پرەنسیپەکانی عێراقە نوێیەکەیە؟
کامیان مایەی هەڕەشە و مەترسی زیاترن بۆسەر وڵاتانی عەرەبی؛ ئێران یان تورکیا؟

(بەختیار کەریم) نوسەر و لێکۆڵەر لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (لەگەڵ ڕووداوەکاندا)وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیار و سەرنجەکانی ئێوەی ئازیزیش دەداتەوە.

دەقی بەرنامەی ئەم هەفتەیەی لەگەڵ ڕووداوەکاندا:

please wait

No media source currently available

0:00 0:23:13 0:00

XS
SM
MD
LG