Accessibility links

كورد كار بۆ هەڵكردنى ئاڵاى كوردستان دەكات و توركمانیش هەوڵەكانى بۆ رێگرى كردن چڕكردۆتەوە


بریارە رۆژى سێشەمە ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک پێشنیارەكەى پارێزگار پەسەند بكات سەبارەت بەهەڵكردنى ئاڵاى كوردستان لەسەر فەرمانگە حكومییەكان ، لایەنە توركمانیەكانیش لەئێستاوە فشارەكانیان چڕكردۆتەوە بۆ شكستپێهێنانى هەوڵى كوتلە و لایەنە كوردیەكان.

كامەران كەركوكى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"رۆژى سێشەمە پێشنیارەكەى پارێزگار لە نێو ئەنجومەندا پەسەند دەكەین ، بۆیە لایەنە توركمانیەكان بە ئیعازى توركیا دەیانەوێت كێشە دروست بكەن."

بەرەى توركمانى یەكێكە لەو لایەنانەى كە دژى بریارى هەڵكردنى ئاڵاى كوردستان لەكەركوك هەوڵەكانى چڕكردۆتەوە ، ئەرشەد ساڵەحى سەرۆكى بەرەكە داواى لە خوێندكاران كرد دژى بریارەكە مانبگرن و برژێنە سەر شەقامەكان.

كامەران كەركوكى ، ئاماژەى بەوەكرد ڕەنگە هەندێک خوێندكار و بەرێوەبەرى توركمان خۆپیشاندان بكەن، بەڵام ئەو جۆرە هەوڵانە لەبڕیارەكەیان پاشگەزیان ناكاتەوە.

دەنگى ئەمەریكا پەیوەندى بەعەلى مەهدى ، ئەندامى كوتلەى بەرەى توركمانیەوە كرد لەئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک ، بەڵام ئامادەنەبوو لەو بارەیەوە لێدوان بدات.

لاى خۆشیەوە یوسف تەیب كارگێڕى مەڵبەندى كەركوكى یەكێتى، بەدەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"بەرەى توركمانى لەناو كەركوكدا جەماوەرى نییە و تواناى جوڵاندنى شەقامى توركمانى نییە، بۆیە ڕەنگە لەگەڵ هەندێک لایەنى شۆڤێنیدا لەپەرلەمانى عێراق كار بۆ سەندنەوەى متمانە لەپارێزگارى كەركوک بكەن كە لەمەشدا شكستدەهێنن."

هەرچەندە بەشێكى زۆر لەئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک قسە لەسەر پەسەندكردنى بریارى هەڵكردنى ئاڵاى كوردستان دەكەن لەدانیشتنى ڕۆژى سێشەممەدا ، بەڵام تا ئێستا بەرەسمى كوتلەكان ئاگادار نەكراونەتەوە.

ئیبراهیم خەلیل ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک( یەكگرتوى ئیسلامى) ، بەدەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"تائێستا بەفەرمى هیچ شتێكمان لەبارەى كۆبونەوەى رۆژى سێشەمە و پەسەندكردنى بریارى هەڵكردنى ئاڵاى كوردستان پێنەوتراوە."

كوتلەى برایەتى كەركوک لیستى هێز و لایەنە كوردیەكانە خاوەنى زۆربەى كورسیەكانى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوكە ، بۆیە لەحاڵەتى خستنەدەنگدانى پێشنیارەكەى پارێزگاى كەركوكدا دەتوانن بەزۆرینەى دەنگ پەسەندى بكەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:20 0:00

XS
SM
MD
LG